Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەسەر ڕەوشی مرۆیی لە ئەفغانستان


بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانی بە منداڵیشەوە لە برسا دەمرن ئەگەر هاتوو بەپەلە کار نەکرێت بۆ هێنانە دەرەوەی ئەفغانستان لەسەر لێواری ڕووخان، داواشی کرد ئەو سەرمایانەی ئەفغانستان کە لە دەرەوە سڕکراون بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکە.

بەڕێوبەری خۆراکی جیهانی دەیڤد بیسلی بە ڕۆیتەرزی وت 28.8 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانە 39 ملیۆنیەکەی ئەفغانستان دەکات، ڕووبەڕووی کەمییەکی سەختی خۆراک بوونەتەوە و " بەرەو مردن لە برسا دەڕۆن." جێی ئاماژەیە دوو مانگ لەمەوبەر ئەو ژمارەیە 14 ملیۆن کەس بوو.

وتی " منداڵان دەمرن، خەڵک لە برسا دەمرێت. شتەکان زۆر خراپتر دەبن."

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتدا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بۆوە، بەخشەرانی وڵاتانی دەرەوە یارمەتیەکانیان بۆ ئەفغانستان ڕاگرت کە بڕەکەی دەگەیشتە ملیاران دۆلار، هەروەها سەرجەم سەرمایەکانی وڵاتەکە لە دەرەوە سڕکران.

بیسلی وتی " ئەوەی پێشبینی دەکەین ئەوەیە زۆر خێراتر ڕوودەدات لەوەی بیرمان لێدەکردەوە. کابوڵ زۆر خێراتر لەوەی بیرمان لێدەکردوە کۆنتڕۆڵکرایەوە و ئابوورییەکەشی لەوە خێراتر دەڕووخێت."

وتیشی ئەو پارەیەی کە بۆ گەشەپێدانی ئەفغانستان دابینکراوە دەبێت بۆ یارمەتیە مرۆییەکان تەرخان بکرێت، هەندێک وڵات ئەوەیان کردووە، هەروەها دەبێت ئەو پارەیەشی لە دەرەوە سڕکراوە بە هەمان شێوە بۆ یارمەتیە مرۆییەکان بەکاربهێندرێت.

وتی " دەبێت ئەو پارانە بگەڕێندرێتەوە تاوەکو خەڵکەکە بتوانێت ڕزگاری ببێت."

لە کاتێکدا وەرزی زستان نزیک دەبێتەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان مانگانە پێویستی بە 220 ملیۆن دۆلار دەبێت تاوەکو بەشێکی خۆراکی 23 ملیۆن کەس دابین بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG