نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە ماوەی ئەم نۆ مانگەی ئەمساڵدا 8050 هاوڵاتی مەدەنی کوژراو و بریندار هەیە، نیوەیان بەهۆی کردەوە خۆکوژییەکان و بۆمبە چێنراوەکانەوە بوون کە لەوانەیە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی لە ئەفغانستان " یۆناما " لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا ژمارەی قوربانیان لەمساڵدا نزیکە لە ژمارەی قوربانیانی ساڵی ڕابردووەوە کە 8084 کەس بوون، لەمساڵدا لە سەدا پێنج ڕێژەی قوربانیان زیادیکردووە بۆ 2798 کوژراو و ژمارەی برینداربووانیش لە سەدا سێ کەمی کردووە بۆ 5252 بریندار.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دوای 17 ساڵ شەڕی ئەفغانستان هێشتا ڕەوشی ئاسایشی وڵاتەکە خراپە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت " یۆناما ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو هێرشانەی بە بێ مەبەست دەکرێنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و کوشتیان پێشێلکردنی مەترسیداری مافە نێودەوڵەتیە مرۆییەکانەوە و دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەفغانستان کە وابڕیارە 20 ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، بەرپرسانی ئاسایش هۆشیاریان داوە لە زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی دەنگدان و شوێنەکانی دیکەی دەنگدان کە مزگەوت و خوێندنگە و کلینیکە تەندروستییەکان دەگرێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز