Accessibility links

فڕۆکەوانە ئەفغانیەکان لە تاجیکستان چاوەڕێی یارمەتی ئەمەریکان


لەنێوەندی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستاندا، 143 فڕۆکەوانی ئەفغانی هەڵهاتن بۆ تاجیکستان و لەوێ دەستبەسەرکراون و چاوەڕوانی یارمەتی ئەمەریکان.

دوای ئەوەی بە 16 فڕۆکە هەڵهاتن، ئەفغانیەکان دەڵێن تەلەفونەکانیان لێوەرگیراوە و سەرەتا لە زانکۆیەک دەستبەسەرکراون و دواتر لە 1 ی مانگی نۆدا گواستراونەتەوە.

پەیوەندییکردن بە خێزانەکانیانەوە سنووردارکراوە، بەڵام لە بارودۆخێکی باشدان، نازانن لە داهاتوودا چیان بەسەردێت.

یەکێک لە فڕۆکەوانەکان وتی " نازانین بۆ کوێ دەڕۆین، هەموومان نیگەرانی ئەوەین."

فڕۆکەوانەکان دەیانەوێت وەکو سەربازەکانی دیکەی ئەفغانستان ڤیزای ئەمەریکیان پێبدرێت و بگوازرێنەوە بۆ قەتەڕ و ئیماڕات و ئەڵمانیا، فڕۆکەوانێکی دیکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " هەرکاتێک پرسیار لە حکومەتی تاجیکستان دەکەین، پێمان دەڵێن چاوەڕوانبن."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر فڕۆکەوانە ئەفغانیەکان بدات لە تاجیکستان، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تاجیکستانیش هیچ لێدوانێکی نەداوە.

جێی ئاماژەیە ئەو فڕۆکەوانانە لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە مەشقیان پێدراوە و لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی تاڵیبان هەڵهاتوون بۆ تاجیکستان، هەروەها کۆتا سەربازانی هێزی ئاسمانی ئەفغانین لە دەرەوەی ئەفغانستان، کە هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەکەن بگوازرێنەوە بۆ ئەمەریکا، بەتایبەتی دوای ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و ئۆزبەکستان بۆ گواستنەوەی کۆمەڵێک فڕۆکەوان و سەربازانی دیکەی ئەفغانی لەو وڵاتەدا.

یەکێک لە فڕۆکەوانەکان وتی دوو ئافرەتی ئەفغانیان لەگەڵدایە و یەکێکیان دووگیانە. لەلایەکی دیکەشەوە 13 ئەفغانی دیکە لە دوشانبی دەستبەسەرکراون و لە بینایەکی حکومیدان و بارودۆخیان باشترە.

لەلای خۆیەوە ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی ئەمەریکا بە ناوی دەیڤد هێکس کە یارمەتیدەرە لە گواستنەوەی ئەفغانیەکان و دووبارە نیشتەجێکردنیانەوە، وتی " ئەم بەرپرسیارێتیە لەسەر شانی هەموومانە و دەبێت بەخێرایی بجوڵێین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG