دوو بەرپرسی ئەفغانی وتیان بەهۆی هێرشێکی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستانەوە لە هەرێمی هێڵمەند لە باشووری وڵاتەکە بەلایەنی کەمەوە 35 کەس کوژران و 13 کەسی دیکە برینداربوون.
هێرشەکە شەوی یەکشەممە ئەنجامدرا کاتێکی هێزەکانی ئەفغانستان هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک کە بەرپرسانی ئەفغانی پێیان وابووە تاڵیبان بەکاری هێناوە بۆ مەشق پێکردنی خۆکوژەکان، بەڵام لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا ئاهەنگێکی هاوسەرگیری هەبووە لەنزیک ئامانجەکەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی ناوخۆی هێڵمەند عەتاڵڵا ئەفغان وتی " 35 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و 13 برینداربوون. ئەوان ئامادەی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بوون لەنزیک ئامانجی هێرشەکەوە لە ناوچەی خاکسار لە موسا قەلعە."
ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنەکە عەبدولمەجید ئاخوند زادە وتی 40 کەس کە هەموویان مەدەنی بوون لە هێرشەکەدا کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز