Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەفغانستان لەدژی تاڵیبان بریندار و کوژراوی لێدەکەوێتەوە


کوندوز، ئەفغانستان

بەرپرسانی ئەفغانی وتیان لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەفغانستاندا بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی نوێنەرانی تاڵیبان لە هەرێمی کوندوز لە باکووری ئەفغانستان ژمارەیەک کوژران و برینداربوون و هاوڵاتیانی مەدەنیشیان تێدایە.

بەرپرسی پۆلیسی ناوخۆ عەبدول حەمید حەمیدی وتی هێرشەکە لە ناوچەی داشتی ئارچی ڕوویداوە لە دەرەوەی هەرێمی کوندوز و کۆبوونەوەیەکی چەکدارانی تاڵیبانی کردۆتە ئامانج کە خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک، لە ئەنجامی هێرشەکەشدا 15 کەس کوژراون و دە کەسی دیکە برینداربوون.

وتیشی نوێنەرێکی ئەنجومەنی تاڵیبان کە بنکەکەی دەکەوێتە شاری کوێتای پاکستانەوە، لە سەردانێکدا بووە بۆ شوێنەکە لە کاتێکدا کە هێرشە ئاسمانییەکە ڕوویداوە.

وتیشی هاوڵاتیانی مەدەنیش لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

دانیشتوانی ناوچەکە وتیان هێرشەکە بەر مزگەوتێک کەوتووە و ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و هەندێکی دیکەیان برینداربوون. جێی ئاماژەیە ناوچەی داشتی ئارچی لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی تاڵیباندایە. بەڵام هێشتا وردەکاری زیاتر لەسەر هێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.

لەلای خۆیەوە تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە هێرشەکە وتی 150 زانای ئاینی و هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، بەڵام ڕەتی کردەوە چەکدارەکانی لەو ناوچەیەدا بووبێتن.

وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆلۆنێڵ لیزا گارسیا وتی هێزەکانی ئەمەریکا هیچ هێرشێکیان نەکردۆتە سەر ئەو ناوچەیە.

لە بەیاننامەیەکدا لیزا گارسیا وتی " هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ئەمڕۆ هیچ هێرشێکی ئاسمانییان لە هەرێمی کوندوز ئەنجام نەداوە. پێچەوانەی ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG