Accessibility links

هێزەکانی ئەفغانستان دەجەنگن بۆ گرتنەوەی ناوچەکەی ژێر دەستی تاڵیبان


بەرپرسانی هەرێمی فورا لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان وتی هێزەکانی ئەفغانستان بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکان دەجەنگن بۆ گرتنەوەی ناوەڕاستی ناوچەیەک کە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە چەکدارانی تاڵیبان کۆنتڕۆڵیان کرد و ژمارەیەک لە پۆلیسیش کوژراون.

ئەم شەڕەی تاڵیبان جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاڵیبان هێشتا دەیەوێت شەڕ بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵێک ناوچە کە نیوەی ئەفغانستان دەکات و تا ئێستاش پێشنیارەکانی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف عەبدولغەنیان ڕەت کردۆتەوە بۆ دانوستانی ئاشتی.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان نەسرەت ڕەحیمی وتی هێزە پشتیوانیەکان گەیشتوونەتە شارۆچکەی ئانار درە و گەمارۆی کۆمەڵێک چەکدارانی تاڵیبانیان داوە. هەروەها وتیشی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکاندا 65 چەکداری تاڵیبان کوژراون.

ڕەحیمی وتیشی هەشت پۆلیس کە سەرکردەیەکی پۆلیسیشیان تێدایە لە ناوچەکەدا کوژراون و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون.

وتەبێژی تاڵیبان قاری یوسف وتی چەکدارەکان 15 پۆلیسیان کوشتووە و دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک لە ئوتومبێلی سەربازیی و بڕێکی زۆر تەقەمەنیدا.

وتەبێژی ئەرکی ناتۆ لە ئەفغانستان کاپتن تۆم گریسباک وتی " جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکانی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانستان ئێستا لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ هێزەکانی تاڵیباندا لە هەرێمی فورا."

وتیشی " هێزەکانی بەرگری و ئاسایشی نیشتیمانی ئەفغانی فورا نادەنە دەستی تاڵیبان و ئەوەی پێویست بکات دەیکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمەکە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا هێزەکانی ئەمەریکا یاخوو هێزەکانی دیکەی وڵاتان بەشدارن لە شەڕەکەدا یاخوود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG