Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشێکی ڕێکخراوی داعشدا بۆ سەر مزگەوتێک لە کابوڵ 4 کەس دەکوژرێن


وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند دوو چەکدار و خۆکوژێک هێرشێکیان کردۆتە سەر مزگەوتێکی کابوڵی پایتەخت و نزیکەی چوار کەسیان کوشتووە و هەشت کەسی تریان بریندارکردووە، ڕێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان نەجیب دانیش وتی سێ هێرشبەرەکە هەوڵیانداوە بچنە ناو مزگەوتی زەهرای شیعەکانەوە بەڵام پۆلیس نەیهێشتووە و بۆتە هۆی شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و چەکدارەکاندا.

دواتر هێرشبەرەکان لە چێشتخانەیەکدا خۆیان شاردەوە و یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و دووانەکەی تریش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژران.

لەنێو کوژراوەکاندا سێ کەسیان هاوڵاتی مەدەنین و پۆلیسێکیشیان تێدایە و چوار پۆلیس و چوار مەدەنی تریش برینداربوون.

ڕێکخراوی داعش لە بەیاننامەیەکدا لە دەزگای هەواڵی ئەعماقەوە ڕایگەیاند " چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی هێرشیکیان لە مزگەوتێکی شیعەکان لە ڕۆژئاوای کابوڵ ئەنجامدا."

هێرشەکە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە مزگەوتەکانی شارەکە هەمووی پڕبوون لە نوێژکەران.

مزگەوتی زەهرا یەکێکە لە مزگەوتەکانی شیعەکان لە کابوڵ و کەمینەیەکی شیعەکان بەکاری دەهێنن و پیشترین ڕووبەڕووی هێرشی خۆکوژی بۆتەوە و لە مانگی یانزەی ساڵی پێشوودا لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر مزگەوتەکە زیاتر لە 30 کەس گیانیان لەدەستدا.

شایەنی باسە ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە و هێرشێکی تریش ڕاگەیاند کە لەمانگی تەمووزدا ئەنجامیدا و خۆپیشاندانێکی کردە ئامانج کە زۆربەی خۆپیشاندەرەکان شیعە بوون و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 80کەس.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG