Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق داوا لە خۆپیشاندەران دەکات خۆپیشاندانەکان ڕابگرن


سەرۆک وەزیری عێراق عادل عەبدولمەهدی داوای کرد خۆپیشاندانەکان ڕابگیردرێن و یارمەتی بدرێت لە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ سەرتاسەری وڵاتەکە و وتی پشێوییەکان زیان بە ئابووری وڵاتەکە دەگەیەنێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە لە بەغداد و باشووری وڵاتەکە زیاتر لە 250 کەس گیانیان لەدەستداوە.

عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەکدا وتی " خۆپیشاندانەکان سیستمی سیاسیی هەژاندووە " و پەیامەکەی گەیشتووە و دەبێت چیتر کاریگەری لەسەر چالاکییە بازرگانی و ئابوورییەکانی عێراق نەمێنێت.

وتیشی " هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییە نەوتییەکان و بڕینی هەندێک لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکانی عێراق دەبێتە هۆی زیانی گەورە کە ملیۆنان تێپەڕ دەکات." هەروەها هۆشیاریشیدا لەوەی ئەم پشێوییانە دەبنە هۆی زیادبوونی نرخی شتومەک.

لە ڕۆژی چوارشەممەوە لە بەندەری ئوم قەسری عێراق کارەکان بەتەواوەتی ڕاگیراون کە زۆربەی هاوردەکانی عێراق لە دەرمان و ڕۆن و شەکر لەوێوە وەردەگیرێن.

هەزاران خۆپیشاندەر هەموو ئەو ڕێگەیانەیان داخست کە دەچنەوە سەر بەندەرەکە. ڕۆژی شەممە پۆلیس گازی فرمێسک ڕژێنی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و کردنەوەی ئەو ڕێگەیانەی دەچنەوە سەر بەندەرەکە، بەڵام شکستیان هێنا لە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG