Accessibility links

سەرۆک ترامپ و سەرۆک وەزیری ژاپۆن باس لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور دەکەن


سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ باسیان لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور کرد و ڕێکەوتن لەسەر پێویستی کارکردن لەبارەی کۆریای باکوورەوە دوای ئەوەی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی واشنتن پێی وایە کاتی قسەکردن تەواو بووە.

هەیڵی لە بەیاننامەیەکدا وتی چین دەبێت بڕیار بدات لەسەر ئەوەی دەیەوێت پشتیوانی لە توندکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ سەر کۆریای باکوور یاخوود نا.

هەیڵی وتی هەر بڕیارێکی نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گەورە فشارەکان لەسەر کۆریای باکوور زیاد ناکات، وتیشی ژاپۆن و کۆریای باشووریش دەبێت شتی زیاتر بکەن.

ئابی دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ بابەتی کۆریای باکوور بەرهەمی نەبووە.

ئابی وتیشی " کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕوسیا و چینیشەوە دەبێت زۆر بەجددی بابەتەکە وەربگرن و فشارەکان زیاد بکەن." وتیشی ژاپۆن و ئەمەریکا کاری زیاتر دەکەن و هەنگاوی زیاتر دەنێن، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

وتەبێژی جێگری گەورە بەرپرسی ئاسایشی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن کویچی هاجیۆدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئابی و سەرۆک ترامپ لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیاندا باسیان لە ئەرکی سەربازی نەکردووە دژ بە کۆریای باکوور و هەروەها باسیان لەوەش نەکردووە کە بەزاندنی هێڵی سوور لەلایەن کۆریای باکوورەوە چی لێدەکەوێتەوە.

دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکە کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆک ترامپ و ئابی ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیداری ڕاستەوخۆیە لەسەر ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریا و وڵاتانی دوور و نزیکی ناوچەکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG