Accessibility links

سەرۆک وەزیری ژاپۆن دەڵێت ئامادەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەبێت لە پیۆنگچانگ


سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی وتی ئامادەی خولی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد دەبێت کە وابڕیارە مانگی داهاتوو لە پیۆنگچانگی کۆریای باشوور بەڕێوە بچێت. ئەمەش دوای ئەو هەواڵانە دێت کە گوایە ئابی ئامادەی یارییەکان نابێت بەهۆی ئەوەوە کە لەماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا کۆمەڵێک ئافرەتی کۆریای باشوور ناچار کرابوون لە ماڵە خراپەکاندا کاربکەن بۆ سوپای ژاپۆن.

جێی ئاماژەیە کۆریای باشوور و ژاپۆن مێژوویەکی تاڵیان لەنێواندا هەیە ئەوەش بەهۆی داگیرکردنی نیمچە دوورگەی کۆریا لەلایەن ژاپۆنەوە لە ساڵی 1910 ەوە بۆ 1945 و هەروەها بابەتی ئافرەتەکان بابەتێکی زۆر هەستیارە لەنێوانیاندا.

ئابی وتی دەیەوێت چاوی بە سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین بکەوێت هەڵوێستی خۆی پێ ڕابگەیەنێت سەبارەت بەوەی ژاپۆن ڕەتی دەکاتەوە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتانە.

بەپێی ئەو ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ساڵی 2015 دا واژۆ کراوە لە نێوانیان ئابی و سەرۆکی پێشووی کۆریای باشووردا، ژاپۆن داوای لێبووردنی کردووە و 9 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتانە.

بەڵام کۆریای باشوور لەم مانگەدا وتی ڕێکەوتنەکە پێداویستییەکانی قوربانییەکان پڕ ناکاتەوە و داوای هەنگاوی زیاتری کرد لەلایەن ژاپۆنەوە.

هەردوو وڵاتەکە ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەگەر هەموو لایەنەکان ڕازی ببن ئەوا کۆتایی بە بابەتەکە دەهێنرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG