Accessibility links

مەحمود عەباس سەردانی قاهیرە و ئیستەنبوڵ دەکات


سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕکردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دانپێدانانەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە قودس و دەستی کرد بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی عەرەب و لە قاهیرەوە دەستی پێکرد.

ئۆفیسی سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند سەرۆک مەحمود عەباس چاوی بە هاوتا میسڕییەکەی عەبدول فەتاح سیسی دەکەوێت کە نێوەندگیرێکی گرنگ بوو لە دانوستانەکانی ئاشتی ڕابردووی نێوان ئیسڕائیل و هۆزە فەڵەستینییەکاندا، ئەمەش پێش ئەوەی بەرەو ئیستەنبوڵ بەرێبکەوێت.

جێی ئاماژەیە وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان کرد سەبارەت بە ناساندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسڕائیل و بەڵێنیاندا فشار بخەنە سەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی دژی ئەو هەنگاوە بوەستنەوە. دەزگای هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی میسڕی وتی پەرلەمانی عەرەبی ڕۆژی دووشەممە سەبارەت بەم بابەتە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامداوە.

دوای کۆبوونەوەیەکی جیای لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کە ئێستا سەردانی میسڕ دەکات، سیسی وتی بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ قودس دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت لەسەر داهاتووی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە.

وتەبێژی مەحمود عەباسی سەرۆکی فەڵەستین ئەبو ڕەدینە وتی ئێستا ئەوەی داواکراوە بڕیاری بوێری فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبیە لە قۆناغی داهاتوودا.

هەروەها زلهێزەکانی جیهانیش هۆشیاریاندا سەبارەت بەوەی ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی ئاشتی لە ناکۆکییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلدا کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە بەردەوامە و توڕەیی بەناو هەموو ناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپیش دەڵێت ئەمەریکا هێشتا پابەندە بە هەوڵەکانی ئاشتیەوە.

وەزیری دەرەوەی فەڵەستین ڕیاز مالکی ڕۆژی شەممە وتی عەباس لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنسدا کۆنابێتەوە لەمیانەی سەردانەکەی مانگی داهاتوویدا بۆ ناوچەکە.

باڵیۆزخانەی فەڵەستین لە قاهیرە وتی واچاوەڕواندەکرێت مەحمود عەباس بەیاننامەیەک دەربکات دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سیسیدا.

جێی ئاماژەیە میسڕ هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا و ڕۆڵی نێوەندگیری بینیوە لە ڕێکەوتنە ئاشتیەکانی پێشوودا و پەیوەندییەکی باشی هەیە لەگەڵ ئیسڕائیلدا، میسڕ وتی بڕیارەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە قودس هەوڵەکانی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین لەناودەبات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG