سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا و وتی پابەندبوونی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە بابەتەکەوە دەبێتە هۆی " هێنانی ڕێکەوتنێکی سەردەمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
عەباس لەگەڵ سەرۆک ترامپدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆبۆوە و سوپاسی پشتیوانییەکەی کرد.
عەباس وتی " ئەگەر ئەمە ئاماژە بێت بۆ شتێک ئەوا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرۆک ترامپ جدییە لەسەر ئەمە و لەماوەی ساڵێکدا یان چەند مانگی داهاتوودا ڕێکەوتنێکی سەردەمی دەهێنێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
سەرۆک ترامپ وتی تیمی ڕاوێژکارەکانی بە جددیی کاردەکەن لەسەر ئەم بابەتە و هەروەها ئیسڕائیل و سعودیە و وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێوە.
وتیشی " پێم وایە هەلێکی باشمان لەبەر دەستدایە و هەموو شتێک تەرخان دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەو ڕێکەوتنە."
عەباس ئاماژەی بەوەدا کە فەڵەستینییەکان زیاتر لە بیست جار چاویان بە تیمەکەی سەرۆک ترامپ کەوتووە لەوەتەی بۆتە سەرۆکی ئەمەریکا و وتی ئاهەنگێڕانی هەریەک لە یەهودیەکان و موسوڵمانەکان بەهۆی ساڵی نوێوە نیشانەیەکی ئەرێنیە.
سەرچاوە/ رۆیتەرز