Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێکی تورک لە دەرەوەی ماڵەکەی لە ئەڵمانیا هێرشی کرایەسەر


ڕۆژنامەنووسێکی تورک کە ڕەخنە لە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەگرێت و لە ئەڵمانیا لە تاراوگە دەژی، لەلایەن سێ کەسەوە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی هێرشی کرایەسەر و بریندارکرا، گوایە سێ کەسەکە ئاگادارییان کردۆتەوە جارێکی دیکە نابێت هیچ شتێک بنوسێت.

ئێرک ئاکاریر نوسەری ڕۆژنامەی سەربەخۆی تورکی بیرگۆن لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە دەڵێت هێرشەکە درەنگانێکی شەوی چوارشەممە لە حەوشەی ماڵەکەی خۆی لە دەرەوەی بەرلین ڕوویداوە، وتیشی بەهۆی هێرشەکەوە سەری برینداربووە و چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری تەندروستیدا بووە.

پۆلیسی بەرلین هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی شەوی چوارشەممە ئاکاریر لەلایەن چەند کەسێکەوە لە ناوچەی ڕودۆو هێرشی کراوەتەسەر.

ئاکاریر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەڵێت یەکێک لەو کەسانەی هێرشیان کردۆتەسەری بە تورکی پێی وتووە " چیتر نانوسیت."

لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسەکە وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە و لەسەری نوسیوە " بە چەقۆ و بۆکس هێرشم کرایەسەر."

نوسیویەتی " هێرشکەرەکان دەناسم، هەرگیز خۆم بۆ فاشیزم نادەم بەدەستەوە."

جێی ئاماژەیە ئاکاریر لەنێو ئەو کۆمەڵە ڕۆژنامەنووسەدا بوو کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی پرسەی ئەفسەرێکی هەواڵگری تورکی کە لە لیبیا کوژرا و بەبێدەنگی نێژرا تاوانبارکران. پێنج ڕۆژنامەنووسیان بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی هەواڵگری تورکیا و ئاشکراکردنی زانیاری نهێنی تاوانبارکران. دۆسیەی دژ بە ئاکاریر هێشتا بەردەوامە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG