Accessibility links

کۆمپانیایەکی دەریایی: کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەرەوەی یەمەن بە موشەک لێیدراوە


کۆمپانیایەکی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی هاتووچۆی دەریاییدا دەڵێت کەشتییەکی بارهەڵگری یۆنانی لە دەرەوەی کەناراوەکانی یەمەن بە موشەکێک لێیدراوە، ئەمەش دوابەدوای چەندین هێرشی موشەکی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

کۆمپانیای ئامبری وتی " کەشتییەکی بارهەڵگر کە ئاڵای ماڵتای بەسەرەوەیە و خاوەنەکەی یۆنانە، گوایە لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە باشووری دەریای سووردا کراوەتە ئامانج و بە موشەک لێیدراوە."

کەشتییەکە کە پێشتریش لە ماوەی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا سەردانی ئیسڕائیلی کردووە، بەرەو کەناڵی سوێز بەڕێکەوتووە، ئاڕاستەکەی گۆڕیوە و دوای ڕووداوەکە بەرەو بەندەرەکە ڕۆیشتووە.

سەرچاوەیەکی وەزارەتی کاروباری دەریایی یۆنان وتی کەشتییەکە ناوی زۆگرافیا بووە و 24 کارمەندی لەسەر بووە و لە ڤیێتنامەوە بەرەو ئیسڕائیل گەشتی کردووە.

سەرچاوەکە وتی کەشتییەکە " زیانێکی سنوورداری بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا دەتوانێت گەشت بکات، هەروەها بەردەوام دەبێت لە گەشتەکەی." وتیشی هیچ کەس بریندار نەبووە.

تاوەکو ئێستا حوسییەکان لێدوانییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە ئەمەریکاییەکان، دوای ئەوەی ئەمەریکا و بەڕیتانیا هەفتەی ڕابردوو هێرشییان کردە سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەندا.

ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئەمەریکا موشەکێکی کروزی حوسییەکانییان خستە خوارەوە کە کەشتییەکی ئەمەریکایی کردبووە ئامانج، ڕۆژی دووشەممەش کەشتییەکی بارهەڵگری سەر بە ئەمەریکا لە کەنداوی عوماندا لە ڕێی موشەکێکی دیکەی حوسییەکانەوە کرایە ئامانج.

حوسییەکان ئەو کەشتییانە دەکەنە ئامانج کە وەکو خۆیان دەڵێن سەر بە ئیسڕائیلن، بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا، حوسییەکان ڕایانگەیاند بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا " ئامانجی ڕەوان."

ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی بەڕیتانیا کە دەزگایەکی ئاسایشی دەریاییە و لەلایەن هێزی دەریایی بەڕیتانیاوە بەڕێوەدەبرێت، وتی " ڕووداوێک " هەبووە لە ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای سەلیفدا لە یەمەن، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

پێشتریش سەرۆک وەزیری قەتەڕ وتی گواستنەوەی گازی سروشتی شلکراو بە دەریای سووردا بەهۆی گرژییەکانەوە کاریگەریی لەسەر دەبێت، هەروەها هۆشداریدا لەسەر ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر یەمەن مەترسی زیادبوونی گرژییەکان دروست دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG