تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەڵێن بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە گوندێکی پۆڵەندا لە نزیک سنووری ئۆکرانیا دوو کەس گیانیان لە دەستداوە، هاوکات هاوپەیمانانی ناتۆ لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە دەکەن کە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە و ئاماژە بەوە دەدەن تەقینەوەکە بەهۆی موشەکی لە ئاڕاستە دەرچووی ڕووسیاوە بووە.
تەقینەوەکە دوای ئەوە بوو ڕووسیا بۆردومانی سەرانسەری ئۆکرانیای کرد، هەندێک لە موشەکەکانی ڕووسیا شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیایان کردە ئامانج کە کەمتر لە 80 کم لە سنووری پۆڵەنداوە دوورە.
پۆڵەندا ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆیە، هاوپەیمانێتییەکە پابەندە بە بەرگریکردن لە یەکترییەوە، هەروەها ئەگەری ئەوەی تەقینەوەکەی پۆڵەندا بەهۆی هێرشێکی بەمەبەست یاخود هەڵەی ڕووسیاوە بووبێت نیگەرانی دروست کردووە.
بەرپرسێکی ناتۆ وتی هاوپەیمانێتییەکە تاوتوێی ڕاپۆرتەکان دەکات و لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ پۆڵەندادا دەکات.
دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە تەقینەوەکە لە گوندی پرزیودۆوی ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا ڕوویداوە و هۆکارەکەشی موشەکێکی ڕووسی بووە پەڕیوەتەوە بۆ ناو پۆڵەندا.
وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا وتیان نەیانتوانیوە ئەو ڕاپۆرتە پشتڕاست بکەنەوە کە موشەکێکی ڕووسیا کەوتبێتە ناو خاکی پۆڵەنداوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پاتریک ڕایدەر وتی " ئاگاداری هەواڵی ڕاگەیاندنەکانین سەبارەت بەوەی دوو مووشەکی ڕووسی لە شوێنێکی ناو پۆڵەندایان داوە لە نزیک سنووری ئۆکرانیا. دەتوانم پێتان بڵێم ئێمە لە ئێستادا هیچ زانیارییەکمان نیە تاوەکو ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکەینەوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بابەتەکە دەکەین."
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە موشەکی ڕووسی کەوتبێتە ناو پۆڵەنداوە، وتی " ئەم هەواڵانە کارێکی وروژێنەرانەی بە مەبەستن بۆ خراپترکردنی دۆخەکە."
لەلای خۆیەوە سەرۆک وەزیری پۆڵەندا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرگری پۆڵەندا کرد.
ڕادیۆی زێتی پۆڵەندی بڵاویکردەوە دوو موشەکە لە ئاڕاستە دەرچووەکە لە پرزیودۆوییان داوە و دوو کەسیش گیانیان لە دەستداوە. گوندەکە 6 کم لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک وتی " موشەکەکانی ڕووسیا لە پۆڵەندا دەدەن."
بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا و نەرویج و لیتوانیا و ئیستۆنیا کە سەرجەمیان ئەندامن لە ناتۆدا، وتیان هەوڵ دەدەن زانیاری زیاتر لەگەڵ پۆڵەندا و هاوپەیمانەکانی دیکەدا کۆبکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی نەرویج وتی " ئەمە ڕووداوێکی زۆر مەترسیدارە بەڵام زۆر شتی بە نادیاریی ماوەتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز