سه‌رۆك وه‌زیری عێراق، ئیبراهیم ئه‌لجه‌عفه‌ری ده‌ڵێت له به‌غدا ئۆپه‌راسیۆنێكی له‌شكری بۆ ڕاگرتنی هێرشی یاخیبوان له ئارادایه و ئه‌نجامی باشی هه‌یه.
به‌ڕێز ئه‌لجه‌عفه‌ری ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له ماوه‌ی ووتارێكدا كه پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عێراقی كرد گوتی له ئه‌نجام ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكی و عێراقی، ژماره‌یه‌كی زۆر له چه‌كداری عێراقی و بیانی ده‌ستگیركراوه.
سه‌رۆك وه‌زیر به‌ڵێنیدا به‌وه‌ی كه حكومه‌ته‌كه‌ی ڕه‌وشی ئاسایش چاك ده‌كات، به‌ڵام وورده‌كاری زیاتری نه‌دا.
هه‌ر له كاتی دامه‌زراندنی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێز ئه‌لجه‌عفه‌رییه‌وه له مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، یاخیبوان زیاتر له 700 كه‌سیان له سه‌رانسه‌ری عێراقدا كوشتووه.
حكومه‌تی عێراقیش ده‌ڵێت چل هه‌زار سه‌ربازی عێراقی و پۆلیس به‌شدارییان له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا كردووه كه له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه له دژی یاخیبوان ئه‌نجام ده‌درێت. سه‌ربازه عێراقیه‌كانیش خاڵی پشكنینیان له‌سه‌ر ڕێگا سه‌ره‌كیه‌كانی به‌غدا داناوه.