یاخیبوان له عێراق هێرشه‌كانیان له دژی كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت و هێزه‌كانی ئاسایش پتر كردووه و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه به لایه‌نی كه‌مه‌وه پێنج كه‌سیان كوشتووه و فڕاندووه.
كاربه‌ده‌ستانی عێراقی كوشتنی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس له شاری به‌سره و كاربه‌ده‌ستێكی ناوخۆ له شاری حلله و مه‌لایه‌كی سووننه‌یان له به‌غدا ڕاگه‌یاندووه. ئه‌م ڕووداوی كوشتنانه هاوكات بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه ڤیدیۆییه‌ی كه له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕێكی ئیسلامی‌دا بڵاوكرایه‌وه و تیایدا وێنه‌ی سه‌ربڕینی 10 سه‌ربازی عێراقی نیشاندرابوو.
له هه‌مان كاتدا، ژه‌نه‌ڕاڵێكی له‌شكری عێراقی به ناوی جه‌لال موحه‌ممه‌د ساڵح له خۆرئاوای به‌غدا بۆسه‌ی بۆ دانرابوو و فڕێندراوه. هه‌ر له به‌غدا، بۆمبێكی چێنراو له یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی پایته‌ختدا ته‌قیه‌وه و بووه هۆی كوشتنی سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی و برینداربوونی چوار كه‌سی دیكه.
هه‌ر له دره‌نگانێكی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، دوو ئه‌مه‌ریكی و سه‌ربازێكی عێراقی له ماوه‌ی پێكدادانێكدا له‌گه‌ڵ یاخیبوان له پارێزگای دیالا كوژراون.
له لایه‌كی تره‌وه، بڕیاره له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عێراق كۆببێته‌وه تاوه‌كو سه‌رۆك و دوو جێگره‌كه‌یی و سه‌رۆك وه‌زیر هه‌ڵبژێرن. ئه‌وه‌بوو له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوودا، یاسادانه‌ران موسوڵمانێكی سوننه‌یان وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژارد.