کای ئید نێردراوی پـێشووی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ ئه‌فغانسـتان ڕه‌خنه‌ی له پاکسـتان گرت له‌سه‌ر ده‌سـتگیرکردنی ڕێبه‌ره باڵاکانی تاڵیبان. ده‌ڵێت ئه‌م هه‌نگاوه بووه مایه‌ی ڕاگرتنی وتووێژه نهێنیـیه‌کانی نێوان نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و تاڵیبان.
کای ئید که بۆخۆشی دیپـلۆماتێـکی نه‌رویجیـیه به په‌یامنێرانی گوت ئه‌و له ماوه‌ی سـاڵی ڕابردوودا بۆخۆی به تایبه‌تی له ڕێی نامه نووسینه‌وه په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌ک له ڕێبه‌ره باڵاکانی تاڵیبان کردووه.
کای ئید که له‌م دوایـیانه‌دا وازی له‌و پـۆسته‌ی له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هێنا به ئه‌سـۆشێتد پـرسی گوت هه‌موو په‌یوه‌ندیـیه‌کانی له‌گه‌ڵ تاڵیباندا وه‌سـتا پاش ئه‌وه‌ی پاکسـتان ژماره‌یه‌کی زۆری له سه‌رکرده باڵاکانی تاڵیبانی ده‌سـتگیرکرد، له‌وانه ڕێبه‌ری پـله دووی تاڵیبان مولـلا عه‌بدولغه‌نی به‌راده‌ر که مانگی ڕابردوو ده‌سـتگیرکرا.