Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما بڕیار ده‌دات 100 ملیۆن دۆلار بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵـکی هایتی ته‌رخان بکرێت


سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا باراک ئۆباما په‌یمانی داوه‌ به‌وه‌ی 100 ملیۆن دۆلار بۆ یارمه‌تیدان و کۆمه‌کردنی خه‌ڵـکی لێـقه‌وماوی هایتی ته‌رخان بکرێت.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریکا هاوبه‌شـی غه‌می گه‌لی هایتیـیه‌ و ئه‌و یارمه‌تی و کۆمه‌کانه‌ی وا ئێسـتا پـێشـ‌که‌شیانی ده‌کات ده‌بێته‌ یه‌کێـک له‌ گه‌وره‌ترین کاری فریاگوزاری له‌ مێژووی ئێسـتای ئه‌مه‌ریکادا.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریکا که‌شـتی فڕۆکه‌ هه‌ڵـگری USS Carl Vinson و که‌شـتیـیه‌ک که‌ نه‌خۆشـخانه‌یه‌کی هێزی ده‌ریایی له‌سه‌ره‌ ڕه‌وانه‌ی هایتی‌یانی کردووه‌. زیاتر له‌ 2 هه‌زار سه‌ربازی مارینزیش ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌که‌ کراون بۆ پـێشـکه‌شـکردنی کۆمه‌ک و یارمه‌تیـیه‌کان و هه‌روه‌ها ڕاگرتنی باری ئاسایش.

هێزێـکی دیکه‌شی له‌شـکری ئه‌مه‌ریکا بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بگه‌نه‌ ئه‌و وڵاته‌.

کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن سه‌رۆک ئۆباما قسه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو سه‌رۆکی پـێشـووی ئه‌مه‌ریکا بێڵ کلنتن و جۆرج ده‌بلیو بوش کردووه‌ و داوای لێـکردوون به‌شـداری له‌ هه‌وڵه‌ فریاگوزاریـیه‌کاندا بکه‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG