Accessibility links

تورکیا ده‌ڵێت ڕێـکه‌وتنی ئاسایی‌کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نسـتاندا مۆرده‌کرێت


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ئه‌حمه‌د داوود ئۆغلۆ ڕایگه‌یاند گومان نیـیه‌ له‌ مۆرکردنی ڕێـکه‌وتنی ئاسایی‌کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نسـتاندا.

هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێز داوود ئۆغلۆ ڕۆژێـکی تایبه‌تی بۆ ئه‌و مه‌به‌سـته‌ ده‌سـتنیشـان نه‌کرد، به‌ڵام گوتی بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ ناوبژیکارانی سـویسـرایی کات و شـوێنی ئه‌و ڕێوڕه‌سـمه‌ ڕابگه‌یه‌نن.

ئامانجی ئه‌م ڕێـکه‌وتنه‌ بریتیـیه‌ له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دیپـلۆماسی نێوان تورکیا و ئه‌رمه‌نسـتان، هه‌روه‌ها واڵاکردنی سـنووره‌کانی نێوانیان، به‌ڵام پـێویسـته‌ یه‌که‌م جار په‌رله‌مانی هه‌ردوو وڵات ئه‌و ڕێـکه‌وتنه‌ په‌سه‌ند بکه‌ن و پـێشـبینیش ده‌کرێت دژایه‌تیـیه‌کی توند له‌ هه‌ردوولاوه‌ بکرێت.

له‌ سـاڵی 1993 دا تورکیا سـنووره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نسـتاندا داخست وه‌کو هاوسـۆزیـیه‌ک له‌گه‌ڵ ئازربایجاندا ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری جوداخوازانی لایه‌نگری ئه‌رمینیا له‌ هه‌رێمی ناگۆرنی که‌ره‌باغ بووبۆوه‌. به‌ڵام ئه‌و ناکۆکیـیه‌ که‌ تا ئێسـتا به‌رده‌وامه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌وڵه‌کانی تورکیا بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نسـتاندا ئاڵۆزبکات.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ئومێدی سه‌باره‌ت به‌ پـێشه‌وه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان ڕابه‌رانی ئه‌زه‌ری و ئه‌رمه‌نیدا دربڕی بۆ چاره‌سـه‌رکردنی ناکۆکی په‌یوه‌ست به‌ ناگۆرنی که‌ره‌باغ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG