Accessibility links

پاكسـتان ده‌ڵێت په‌یوه‌ندی دۆسـتانه‌ی له‌گه‌ڵ هیندسـتاندا گه‌ره‌كه‌


سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكسـتان ده‌ڵێت وڵاته‌كه‌ی خواسـتیاری په‌یوه‌ندی دۆسـتانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هیندسـتاندا، ئه‌مه‌ش له‌و ده‌مه‌دایه‌ نیگه‌رانیـیه‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به‌ په‌ره‌سه‌ندنی گرژیـیه‌كانی نێوان دوو وڵاتی هاوسێ تا دێت له‌ زیادبووندایه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ یوسف ڕه‌زا گه‌یلانی له‌سه‌ر ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌تی پاكسـتانی گوتی پاكسـتان ده‌سـتپـێشـخه‌ر نابێت له‌ لێدانی هیندسـتان، گوتیشی ئێمه‌ هه‌نگاو له‌و باره‌یه‌وه‌ نانێنن به‌ڵـكو ته‌نها كاردانه‌وه‌مان ده‌بێت.

هاوكات پاكسـتان ڕۆژی هه‌ینی فه‌رمانی ڕه‌وانه‌كردنی به‌ هه‌زاران له‌ سه‌ربازی خۆی دا كه‌ به‌ره‌و سنووری نێوانیان له‌گه‌ڵ هیندسـتاندا به‌ڕێبكه‌ون. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌واهیده‌ران ده‌ڵێن ئه‌وان سـوپای پاكسـتانیان به‌دیـكردبوو له‌ سـنووری ئه‌فغانسـتانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی وڵات كه‌وتبوونه‌ ڕێ.

هه‌ر ڕۆژی شه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسـیا داوای له‌ هیندسـتان و پاكسـتان كرد دان به‌خۆدا بگرن و گوتیشی ڕوسـیا ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانه‌ به‌هۆی كه‌ڵه‌كردنی له‌شـكر له‌ هه‌ردوو دیوی سـنووری نێوان هیندسـتان و پاكسـتان.

هاوكات لێـپـرسـراوانی ئه‌مریكایی‌یش ئه‌وانیش هانی هه‌ردوو وڵات ده‌ده‌ن خۆیان له‌ قوڵـكردنه‌وه‌ی گرژیـیه‌كانی نێوان به‌ دوور ڕاگرن.

ئه‌وه‌ی شـایانی گوتنه‌ گرژی و ئاڵۆزی نێوان پاكسـتان و هیندسـتان له‌ ئاسـتێـكی به‌رزدابووه‌، ئه‌مه‌ش له‌و ده‌مه‌وه‌ی له‌ مانگی ڕابردوودا هێرشی تێروركاری كرایه‌ سه‌ر شـاری مۆمبای له‌ هیندسـتان.

هه‌روه‌ها حكومه‌تی هیندی وه‌باڵی ئه‌و هێرشـانه‌ ده‌خاته‌ ئه‌سـتۆی میلیشـیاكانی بنكه‌ له‌ پاكسـتان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG