گه‌واهیده‌ران له زیمبابۆی وا ڕاده‌گه‌یه‌نن ژماره‌یه‌كی كه‌م له ده‌نگده‌ران ئاماده‌ی ده‌نگدانی ڕۆژی هه‌ینی خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی ده‌بن، ئه‌و هه‌ڵـبژاردنه‌ی تیایدا ڕۆبه‌رت مۆگابی سه‌رۆكی هه‌نووكه‌ی زیمبابۆی ته‌نها پاڵێوراوه.
ڕابه‌ری ئۆپـۆزیسـیۆن مۆرگه‌ن تشڤانگیرای له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیاری به‌شـداری نه‌كردنی وه‌ك پاڵێوراوێـك له هه‌ڵـبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا داوه و ڕایگه‌یاند و ده‌ڵێت ئه‌نجامدانی كاری توندوتیژی له دژی دۆست و لایه‌نگرانی وای كردووه هه‌ڵـبژاردنه‌كه كارێـكی مه‌حاڵبێت. له وته‌كه‌یدا له ڕۆژی هه‌ڵـبژاردندا به‌ڕێز تشڤانگیرای ڕابه‌ری ئۆپـۆزیسـیۆن هانی لایه‌نگرانی خۆی دا ده‌نگ نه‌ده‌ن، به‌ڵام گوتیشی ئه‌گه‌ر به‌هۆی ده‌نگدانه‌وه ژیانتان كه‌وته مه‌ترسـیـیه‌وه ئه‌وا ئه‌و كاته ده‌توانن به‌شـداری له ده‌نگدانه‌كه‌دا بكه‌ن.
له لایه‌كی تره‌وه ڕۆژنامه‌وانان له هه‌راری پایته‌خت ده‌ڵـێن میلیشـیاكانی سه‌ر به ڕۆبه‌رت مۆگابی سه‌رۆكی زیمبابۆی هه‌ڕه‌شه له هاوڵاتیـیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچن ده‌نگی خۆیان بده‌ن. هاوكات ئه‌وه‌ش ڕاده‌گه‌یه‌نن هه‌ندێ له مه‌ڵـبه‌نده‌كانی ده‌نگدان به ته‌واوی چۆڵن و هه‌ندێـكیشـیان جموجۆڵی زۆریان به‌خۆوه بینیوه.
ئه‌وه‌ی شـایانی باسه سه‌رۆك مۆگابی ڕۆژی هه‌ینی له هه‌راری پایته‌خت ده‌نگی دا و به په‌یامنێرانی گوت ئه‌و " گه‌شـبینه" جگه له‌وه هیچ وته‌یه‌كی تری نه‌دركان.
ڕۆبه‌رت مۆگابی سه‌رۆكی زیمبابۆی ته‌مه‌ن 84 سـاڵه بانگه‌شه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕابه‌رانی ئه‌فریكایی بۆ دواخسـتنی هه‌ڵـبژاردنه‌كه‌ی ڕه‌تدكرده‌وه.