ڕێبه‌ری حیزبوڵا حه‌سه‌ن نه‌سروڵا په‌یمانیداوه به‌وه‌ی چه‌ک له پێناو به‌دیهێنانی ده‌ستکه‌وتی سیاسی له ووڵاته‌که‌دا به‌کارناهێنن و حیزبوڵا خواستی حوکمڕانی کردنی لوبنان ناکات.
نه‌سروڵا له میانه‌ی ووتارێکدا له به‌رده‌م هه‌زاره‌ها له لایه‌نگرانی له به‌یروت گوتی به ڕاسپارده‌کانی نێو ڕێکه‌وتنامه‌که‌ی ئه‌م دواییه پابه‌ند ده‌بێت که پشتیوانی ووڵاتانی عه‌ره‌بی‌یه‌وه پێکهێنرا. به پێی ڕێکه‌وتنامه‌که، به‌کارهێنانی چه‌ک بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی سیاسی قه‌ده‌غه‌یه. هه‌روه‌ها داوای له حکومه‌تیش کرد به به‌نده‌کانی ئه‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه پابه‌ند بن.
ڕێبه‌ری حیزبوڵا ڕۆژی دووشه‌ممه و له یه‌که‌م ڕۆژی ده‌ست به‌کاربوونی سه‌رۆکی نوێی لوبنان ئه‌م تێبینیانه‌یدا. میشێل سوله‌یمانی سه‌رۆکی نوێ ده‌ستی به پێکهێنانی کابنه‌تی حکومه‌تێکی یه‌کگرتووی نیشتمانی کردووه له پێناو ئه‌وه‌ی کۆتایی به‌و قه‌یرانه سیاسی‌یه بهێنێت که بۆ 18 مانگه به‌رده‌وامه.
په‌رله‌مانی لوبنانی له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا، فه‌رمانده‌ی پێشووی له‌شکری بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی ووڵات هه‌ڵبژارد به پێی هه‌مان ڕێکه‌وتنی که به پشتیوانی ووڵاته عه‌ره‌بی‌یه‌کان سازکرا.
به پێی ڕێکه‌وتنامه‌که، لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنی به ڕێبه‌رایه‌تی حیزبوڵا مافی ڤیتۆی له نێو حکومه‌تی لوبنانی‌دا ده‌ستکه‌وتووه. سه‌رۆکی نوێش گوتویه‌تی بۆ پێکهێنانی ئه‌ندامانی کابنه‌تی نوێی حکومه‌ت به نیازه له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا ڕاوێژ به ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌کات.
له زوویه‌کی ڕۆژی دووشه‌ممه‌شدا، سه‌رۆک بوش له میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا پیرۆزیبایی له به‌ڕێز سوله‌یمان کرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی لوبنان. سه‌رۆک بوش په‌یمانه‌کانی خۆی بۆ حکومه‌تی لوبنان دووپات کرده‌وه و داوای لێکرد سه‌ردانی واشنتۆن بکات.