Accessibility links

گۆڕێـكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ ناوه‌ندی عێراق ده‌دۆزرێـته‌وه‌


ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌ڵێن گۆڕێـكی به‌ كۆمه‌ڵیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ لایه‌نی كه‌م ته‌رمی 12 كه‌سی تێدایه‌. گۆڕه‌كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی ناوه‌ڕاستی عێراقدایه‌، ئه‌وه‌ی پـێشـتر له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی چه‌كدارانی تۆڕی ئه‌لقاعیده‌دا بوون.

لـێـپـرسـراوانی عێراقی گۆڕه‌كه‌یان ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شـاری فه‌لوجه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌. هێزه‌كانی ئاسایشی عێراقی له‌م مانگانه‌ی دوایدا و دوای ده‌رپه‌ڕاندنی میلیشـیاكان له‌و ناوچانه‌دا چه‌ند گۆڕێـكی به‌ كۆمه‌ڵـیان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

له‌ پـێشـهاته‌یه‌كی دیكه‌دا، گه‌وره‌ترین گروپـی سـیاسی سوننه‌ی ناو په‌رله‌مانی عێراق ڕۆژی دووشه‌ممه‌ كۆتایـیان به‌ مانگرتنه‌كه‌یان هێنا، پاش ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن یه‌كێـك له‌ ڕێبه‌ره‌كانیان كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو ئازادكرا.

شـایانی باسه‌ هێزه‌كانی ئاسایشی عێراق ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ یاسادانه‌ر عه‌دنان ئه‌لدلێمیـیان له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ به‌غدا گواسـته‌وه‌ بۆ ئوتێـلێـكی ناوچه‌ی سه‌وز كه‌ باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقیشی لێـیه‌.

پـێشـتر ڕۆژی هه‌ینی پـۆلیسی عێراق چوارده‌وری ماڵه‌كه‌ی دلێمیـیان دا و كوڕه‌كه‌ی و ژماره‌یه‌ك له‌ پاسه‌وانه‌كانیـیان ده‌سـتگیركرد به‌ گومانی ده‌سـت هه‌بوونیان له‌ شـاردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو له‌ نزیـك ئۆفیسه‌كانی دلێمی.

كاربه‌ده‌سـتانی عێراق نكوڵیـیان كرد له‌وه‌ی دلێمیـیان ده‌سـتبه‌سه‌ركردبێت، وه‌ گوتیان له‌به‌ر پاراستنی گیانی ئه‌ویان له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا هێشـتۆته‌وه‌.

له‌ هه‌واڵه‌ سـیاسـیـیه‌كانی تردا، مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ موقته‌دا ئه‌لسه‌در ستایشی چه‌كدارانی لایه‌نگری خۆی كرد له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵیـیان بۆ داواكه‌ی مانگی هه‌شتی كه‌ تیایدا ئاگربه‌سـتێـكی یه‌ك لایه‌نه‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ڕاگه‌یاند. فه‌رمانده‌كانی له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێن ئه‌و ئاگربه‌سـته‌ یارمه‌تی داوه‌ له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ عێراقدا.

سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ره‌ی ته‌وافوقی سوننی بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌روه‌ها چه‌ند هه‌واڵێـكی دیكه‌ی عێراق په‌یامنێری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا سروه‌ عه‌بدولواحد له‌ به‌غداوه‌ ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌ و ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG