Accessibility links

ئۆڵمه‌رت و ساركۆزی سه‌باره‌ت به‌ پـرۆسه‌ی ئاشتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئێران وتووێژ ده‌كه‌ن


سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل ئێهود ئۆڵمه‌رت له‌ یه‌كه‌م ویسـتگه‌ی گه‌شـته‌كه‌یدا بۆ ئه‌وروپا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ گه‌یشـته‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسـا. له‌م سه‌ردانه‌یدا ئۆڵمه‌رت پـێشـبینی ده‌كات وتووێـژ سه‌باره‌ت به‌ پـرۆسه‌ی ئاشـتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئێران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا نیكۆلاس ساركۆزی و هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌و وڵاته‌دا بكات.
په‌یامنێری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا لیسـا براینت له‌ پاریسه‌وه‌ ڕاپـۆرتێـكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوكارمان سمكۆ عه‌زیز وه‌ریـگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی.

سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل ئێهود ئۆڵمه‌رت سه‌ردانی فه‌ره‌نسـا ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌و ده‌مه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات تا ڕاده‌یه‌ك چاك بوون به‌خۆوه‌ ده‌بینێت. په‌یوه‌ندیـیه‌كانی نێوانیان له‌ سه‌رده‌می جاك شیراكی سه‌رۆكی پـێشـووی فه‌ره‌نسـادا ئاڵۆز بوو، ناوبراو له‌ لایه‌ن ئیسرائیلیـیه‌كانه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكێـكی زۆر سـۆزدار بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینی ناسرابوو. په‌ره‌سه‌ندنی هێرشه‌كانی دژ به‌ جوله‌كه‌كان له‌ فه‌ره‌نسـا كاریگه‌ری له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان نه‌بوو.

به‌ڵام مارك هێـكه‌ر، شـیكه‌ره‌وه‌ و پـسـپـۆر له‌ بواری په‌یوه‌ندیـیه‌كانی فه‌ره‌نسـا و ئیسرائیلی له‌ ئـنسـتتیوتی فه‌ره‌نسـا بۆ كاروباری نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ پاریس ده‌ڵێت گوڕان له‌ مه‌سه‌له‌كاندا هه‌بووه‌.

مارك هێـكه‌ر ده‌ڵێت له‌ ڕاسـتیدا په‌یوه‌ندیـیه‌ دوو قۆڵـیـیه‌كان له‌ كۆتایی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی شیراكدا گه‌رم بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا مارك هێـكه‌ر ده‌ڵێت سه‌رۆكی فه‌ره‌نسـا به‌ڕێز سـاركۆزی كه‌ خۆی به‌ دۆسـتی ئیسرائیلی ڕاگه‌یاندووه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێـك بێت له‌ سه‌رۆكه‌كانی فه‌ره‌نسـا كه‌ هه‌ره‌ لایه‌نگری ئیسرائیل بێت له‌ ماوه‌ی ده‌یان سـاڵی ڕابردوودا.

هاوكات ڕاوبۆچوونی ئیسرائیل و جوله‌كه‌كان زۆر لایه‌نگری سـاركۆزین. له‌ میانه‌ی هه‌ڵـبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مسـاڵدا جوله‌كه‌ فه‌ره‌نسـایـیه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ ئیسرائیل ده‌ژین ژماره‌یه‌كی زۆریان ده‌نگیان بۆ ساركۆزی دا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا پـسـپۆڕی كاروباری نێونه‌ته‌وه‌یی مارك هێـكه‌ر بڕوای وایه‌ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسـا هێشـتا هه‌وڵ ده‌دات ڕێـبازێـكی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینـیـیه‌كاندا ڕاگرێت.

له‌ نێو ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی دیكه‌ی ڕابه‌رانی ئیسرائیلی و فه‌ره‌نسـایی پـێشـبینی ده‌كرێت له‌ میانه‌ی نیوه‌ڕۆخوانێـكی كاردا وتووێـژی له‌ باره‌وه‌ بكه‌ن پـرۆسه‌ی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین و هه‌روه‌ها قه‌یرانی بنبه‌ستی په‌یوه‌ست به‌ پـرۆگرامی ناوه‌كی ئێرانی ده‌بێت.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسـا به‌ڕێز سـاركۆزی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ جاك شیراكی سه‌رۆكی پـێـشوویدا ڕێبازێـكی توندتری به‌رامبه‌ر ئێران گرتۆته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ وا لێـك بدرێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر بۆیه‌ سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل بانگه‌شه‌ی سه‌پاندنی سـزای توندتر له‌سه‌ر ئێران بكات.

جگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌ره‌نسـا و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌و وڵاته‌دا بڕیاره‌ ئێهود ئۆڵمه‌رتی سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵـگه‌ی جوله‌كه‌كانی فه‌ره‌نسـا كۆبـبێته‌وه‌، كه‌ ژماره‌یان له‌ فه‌ره‌نسـادا گه‌وره‌ترین ژماره‌یه‌ له‌ ئه‌وروپای ڕۆژئاوادا.

به‌ مه‌بستی سـازدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆردن بڕاونی سه‌رۆك وه‌زیری به‌ریتانی و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك وه‌زیری توركیا كه‌ ئه‌ویش له‌وێ ده‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێهود ئۆڵمه‌رت ڕۆژی سـێشه‌ممه‌ سه‌ردانی به‌ریتانیا ده‌كات.

XS
SM
MD
LG