ڕۆژی سێشه‌ممه هاوڵاتیـیانی ئه‌مریكا به دڵێـكی ته‌نگ و پـڕ له حه‌سره‌ته‌وه بیره‌وه‌ری شهشههمین سـاڵیادی هێرشه تێرۆریستـیـیهكانی یازده‌ی سێپـته‌مبه‌ری دووهه‌زار و
یه‌كیان كرده‌وه، وه به‌و بۆنه‌یه‌وه مه‌راسیمی تایبه‌ت له نیویۆرك و واشـنتۆن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌رۆك بوش و جێـگره‌كه‌ی دیـك چه‌ینی و وه‌زیری ده‌ره‌وه كۆنده‌لیزا ڕایس بۆ ڕێزلێنان له قوربانیانی هێرشه‌كه له پاخچه‌ی كۆشـكی سـپـی بۆ ماوه‌ی خوله‌كێـك به‌بێ ده‌نگی ڕاوه‌سـتان. له نیویۆركیش كارمه‌ندانی فریاگوزاری و بنه‌ماڵه‌ی قوربانیـیه‌كان ناوی 2750 كه‌سـیان خوێنده‌وه كه له‌و هێرشـانه له‌و شـاره‌دا كوژران.
نه‌خشه‌كێشی سه‌ره‌كی ئه‌و هێرشانه، ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده ئوسامه بن لادن، ڕۆژی سێشه‌ممه ڤیدیۆیه‌كی نوێی خۆی بڵاوكرده‌وه و تیایدا به شان و باڵی یه‌ك له ڕفێندهره خۆكوژه‌كانی ئه‌و هێرشـانه‌ی ههڵـدهدات.
له‌و ڤیدیۆیه نوێـیه‌دا بن لادن له‌و ده‌مه‌ی سـتایشی وه‌لید ئه‌لشه‌هری ده‌كات، ئه‌وه‌ی له هێرشی یه‌كه‌مدا بۆ سه‌ر ناوه‌ندی بازرگانی جیهانی له نیویۆرك كوژرا، هانی هاوسۆزانی خۆی ده‌دا خۆیان بگه‌یه‌ننه كاروانی ئه‌و شه‌هیدانه.