لێكۆڵه‌ره‌وان ده‌ڵێن توێژینه‌وه‌كان ناتوانن جه‌خت بكه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ی باڵنده كێوییه‌كان هه‌ڵگری ڤایرۆسی كوشنده‌ی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ن یان نا و ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌مێكی یه‌كگرتووی باوه‌ڕپێكراو بۆ چاودێریكردنی زانیارییه‌كان سه‌باره‌ت به ڤایرۆسی " H5N1" له نێو باڵنده كێوییه‌كاندا نی‌یه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شاره‌زایان له بانگكۆك كۆبونه‌ته‌وه تاوه‌كو ڕێگای نوێ بدۆزنه‌وه بۆ به‌دواچوونی چۆنێتی بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كوشنده‌ی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده. له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا، ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له 12 ووڵاتی جیاوه پتر له 70 شاره‌زای بانگهێشت كردووه.
سكۆت نیومان، ڕێكخه‌ری پرسیاره گشتی‌یه‌كان سه‌باره‌ت به ژیانی كێوی و جه‌نگه‌ڵستانه نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌كان، ده‌ڵێت ئامانجی ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ی بانگكۆك، دیاریكردنی ئه‌و پشتگیری و ڕاهێنانه‌یه كه ووڵاتانی جیاجیا پێویستیانه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ڕێگاكانی چاودێریكردنی ژیانی كێوی. نیومان ده‌شڵێت له دارستان و جه‌نگه‌ڵستانی هه‌ندێ ووڵاتان نه‌خۆشی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده دۆزراوه‌ته‌وه و له زۆر ووڵاتی دیكه‌شدا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها گوتی هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ووڵاته‌ی به شێوازێكی جیاواز چاودێری ڕه‌وشی دارستان و جه‌نگه‌ڵستانه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌ندێ له ووڵاتانیش هه‌وڵی ڕاگرتنی ڕه‌وشی دروستی دارستانه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی باش ده‌ده‌ن و هه‌ندێكی تریشیان باڵنده و په‌له‌وه‌ڕی مرداره‌وه‌بوو هه‌ڵده‌گرنه‌وه و به شوێن نیشانه‌كانی ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشی له دارستان و جهنگهڵستانهكاندا ده‌گه‌ڕێن.
شاره‌زایانی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ش ده‌ڵێن بوونی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده له ناو جهنگهڵستانهكاندا ڕوون نی‌یه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێشتا به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر ئاشكرا نی‌یه بۆ بوونی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده له نێو باڵنده و په‌له‌وه‌ڕه كێوییه‌كاندا یان له‌وانه‌یه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه هێشتا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و ته‌نها ڕێگه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده له جهنگهڵستانهكاندا، دانانی سیسته‌مێكی یه‌كگرتووی چاودێریكردنه.
جێی باسه، له‌وه‌ته‌ی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده له ساڵی 2003 ه‌وه بڵاوبۆته‌وه، ملیۆنه‌ها باڵنده و په‌له‌وه‌ڕ سه‌ربڕاون. هه‌روه‌ها ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهان ده‌ڵێت زیاتر له 320 كه‌س به ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده له 12 ووڵاتی جیهان‌دا گیانیان له ده‌ستداوه و هه‌روه‌ها 200 باڵنده و په‌له‌وه‌ڕیش له ده‌ست چوون.