Accessibility links

هێزه‌كانی ئاسایشی ئه‌ڵمانیا 3 گومانباری تێرۆریست ده‌ستگیر ده‌كه‌ن


كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌ڵمانیا 3 كه‌سیان ده‌سـتگیركرد به‌ تاوانی وه‌كو ئه‌وان ده‌ڵێن دانانی نه‌خشه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی گه‌وره‌ به‌ بۆمب بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی فرانكفۆرت و بنكه‌ی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ ڕامشـتاین.

داواكاری گشتی فیدراڵی مۆنیكا هارمز ده‌ڵێت ئه‌م گومانبارانه‌ بڕێـكی زۆری پـێرۆكسایدی هایدرۆجینیان كۆكردبووه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل دایانـناوه‌ به‌كاریبهێنن. ده‌شڵێت تاوانباره‌كان هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌و شوێنانه‌ بكه‌ن به‌ ئامانج كه‌ خه‌ڵكانی ئه‌مریكی ڕووی تێده‌كه‌ن وه‌كو هۆڵه‌كانی دیسكۆ و مه‌یخانه‌كان وهه‌روه‌ها فڕۆكه‌خانه‌كان.

بنكه‌ی ئاسـمانی ئه‌مریكا له‌ ڕامشـتاین شوێنێـكی سه‌ره‌كیـیه‌ بۆ گواسـتنه‌وه‌ هێز و پـیداویسـتیه‌كان بۆ له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق و ئه‌فغانسـتان. فڕۆكه‌خانه‌ی فرانكفۆرتیش یه‌كێـكه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ هه‌ره‌ قه‌ره‌باڵغه‌كانی ئه‌وروپا.

دوو له‌ گومانباره‌كان ئه‌ڵمانین و ده‌رنگانێـكی سێشه‌ممه‌ ده‌سـتگیركران و ئه‌وی تریان توركه‌. كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن ئه‌م گومانبارانه‌ له‌ كه‌مپـێـكی یه‌كێتی جیهادی ئیسلامی له‌ پاكسـتان له‌سه‌ر كاری تیرۆریستی مه‌شقیان پـێـكراون.

یه‌كێتی جیهادی ئیسلامی گروپـێـكی سوننه‌ن و په‌یوه‌ندیـیان به‌ ڕێـكخراوه‌ ئیسلامیـیه‌كانی ئۆزبه‌كسـتانه‌وه‌ هه‌یه‌.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن قین و بوغزێـكی قوڵ له‌ هاوڵاتیـیانی ئه‌مریكی ئه‌م سـێـیانه‌ی كۆكردۆته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م هه‌واڵه‌ په‌یامنێری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ ئه‌ڵمانیا هێڤی به‌رواری ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌، وه‌ ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG