ژماره‌یه‌ک دیپلۆماتی ئێرانی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه بۆ یه‌که‌م جاره سه‌ردانی ئه‌و پێنج ئێرانی‌یه ده‌که‌ن که له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکی‌یه‌وه له باکوری عێراق ده‌ستگیرکراون.
کاربه‌ده‌ستانی له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێن ئه‌و پێنج ئێرانی‌یه له مانگی یه‌کی ڕابردوودا گیراون به‌هۆی ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی دژ به هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکی و عێراقی یارمه‌تی چه‌کدارانیان له عێراق داوه.
تارانیش ده‌ڵێت ئه‌و ئێرانی‌یه گیراوانه دیپلۆماتن و داخوازی ئازادکردنیان ده‌كات.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش له ڕاگه‌یاندنێک‌دا گوتیان خوازیارن ئازادکردنی ئه‌و ئێرانی‌یانه، ناکۆکی‌یه‌کانی نێوان هه‌ردوولا که‌م بکاته‌وه و ببێته هۆی ڕێکخستنی گفتوگۆیه‌ک له نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێران‌دا.
له دره‌نگانێکی مانگی پێنجی ڕابردووش‌دا، ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئاست به‌رزی له‌گه‌ڵ ئێرانی‌یه‌کاندا ئه‌نجامدا بۆ یه‌که‌م جار له دوای دابڕینی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانیان بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ. باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له عێراق رایان کرۆکه‌ر له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئێرانی له عێراق حه‌سه‌ن کازمی قومی کۆبۆوه و له میانه‌ی کۆبونه‌وه‌که‌دا کرۆکه‌ر داوای له ئێران کرد پشتیوانی‌یه‌کانیان بۆ چه‌کداران له عێراق ڕاگرن.