له ڕاپۆرتێكدا كه ڕۆژی سێشه‌ممه له سێی مانگی حه‌وتی ساڵی 2007 بڵاوكراوه‌ته‌وه، ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگه‌یاند هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستان له باكوری عێراق به شێوه‌یه‌كی رۆتین ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌ستگیركراوان ده‌ده‌ن و مافی یاساییان پشتگوێ ده‌خه‌ن.
ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كۆتای به ئه‌شكه‌نجه‌دان و خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراوانی ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی ئاسایش بهێنێت. پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد به پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركراواندا بكه‌ن و دڵنیا ببن له‌وه‌ی كه مافی یاسایی خۆیان وه‌رده‌گرن و دادپه‌ره‌وه‌رانه دادگایی ده‌كرێن.
ڕاپۆرتێكی 58 لاپه‌ڕه‌یی به ناونیشانی "كه‌وتنه‌به‌ر گێژهلول و ئه‌شكه‌نجه‌دان و پێشێلكردنی مافه یاساییه‌كان له لایه‌ن ئاسایشی كورده‌وه" به‌ڵگه‌نامه‌كردنی خراپ مامه‌ڵه‌كردنێكی فراوان و سیسته‌ماتیكی ده‌ستگیركراوان و پێشێلكردنی مافه یاساییهكانیانه له گرتوخانه‌كاندا له لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستانه‌وه. ڕاپۆرته‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌دواداچونێك ئاماده‌كراوه كه له مانگی چوار بۆ مانگی ده‌ی سالێ 2006 له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه له‌گه‌ڵ چاوپێكه‌وتنی زیاتر له 150 ده‌ستگیركراو.
ڕێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ نیگه‌رانیه‌كانی خۆی گه‌یاندۆته سه‌ركرده‌كانی حكومه‌تی كوردستان و له ناویاندا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق كه لیژنه‌یه‌کی حكومی پێكهێنا بۆ ئه‌نجامدانی سه‌ردان و پشكنینی ژماره‌یه‌ك له گرتوخانه‌كان له سه‌ره‌تای مانگی ده‌ی ساڵی 2006 دا.
بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ بنكه له نیویۆرك، كلیكی ئه‌و ئۆدیۆ فایله‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بكه.