له تورکیا و باکوری عێراق مه‌ترسی‌یه‌کی زۆر په‌یدابووه ده‌رباره‌ی زیادبوونی ژماره‌ی هێزه‌کانی تورکی و ئه‌گه‌ری هێرشکردنه سه‌ر بنکه‌ی سه‌رهه‌ڵداوه کورده‌کان له ناو خاکی عێراق‌دا. تورکه‌کان به گشتی دوودڵن له به‌رامبه‌ر ڕوودانی ئۆپه‌راسیۆنی له‌شکری له‌سه‌ر سنور و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕاگرتنی هێرشی سه‌رهه‌ڵداوان له تورکیا.
شه‌ڕی تورکیا له دژی سه‌رهه‌ڵداوانی پارتی کرێکارانی کوردستان یاخود په‌که‌که، بۆته باسی سه‌ره‌کی هه‌واڵه ناوخۆیی‌یه‌کان و ته‌له‌فزیۆن وێنه‌ی پرسه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه نیشان ده‌دات که گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می ڕۆژنامه‌کانیش باس له زیادبوونی ژماره‌ی هێزه‌کانی له‌شکری ده‌که‌ن.
له ساڵی 1984 ه‌وه، شه‌ڕی نێوان سه‌رهه‌ڵداوانی په‌که‌كه و له‌شکری تورکی نزیکه‌ی 30 هه‌زار که‌سی کوشتووه، به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا له‌شکر هه‌ڕه‌شه‌ی چوونه ناو باکوری عێراقی کردووه تاوه‌کو به یه‌کجاری کۆتایی به‌و یاخیبووانه بهێنن که تورکیا ده‌ڵێت له لایه‌ن چه‌کدارانی سه‌ر سنوره‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن. به‌ڵام زۆربه‌ی تورکه‌کان هێشتا دڵنیا نین له‌وه‌ی ئایا ئه‌و هه‌نگاوه پێویسته یان نا.
شیکه‌ره‌وان ده‌ڵێن له‌وانه‌یه ئۆپه‌راسیۆنی له‌شکری سه‌ر سنور کۆتایی به یاخیبوونی کورده‌کان نه‌هێنێت که له‌شکری تورکیا تاوه‌کو ئێستا و دوای ئه‌نجامدانی چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێکی جودا له ناو عێراق‌دا نه‌یتوانیوه ئه‌و گروپه بنه‌بڕ بکات.
له‌م باره‌یه‌وه ئۆنور جونه‌ی، که خوێندکارێکی خوێندنی باڵایه له به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی زانکۆی بۆسپۆره‌س له ئه‌سته‌نبول، ده‌ڵێت "زۆربه‌ی خه‌ڵک ده‌یانه‌وێت بچنه ناو عێراقه‌وه و واپێده‌چێت هه‌مووییان باوه‌ڕییان وایه ئه‌وه کێشه‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر ده‌کات." "به‌ڵام ئاشکرایه که له‌شکری تورکی چه‌ندین جار چۆته ناو عێراقه‌وه و هیچ گۆڕانێک ڕووینه‌داوه.
هه‌روه‌ها ڕێبه‌رانی سیاسی تورکیا دوودڵی خۆیان نیشانداوه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی له‌شکری سه‌ر سنور کۆتایی به یاخیبوونی سه‌رهه‌ڵداوه کورده‌کان بهێنێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆربه‌ی تورکه‌کان حوکمی ئۆتۆنۆمی کورده‌کان له باکوری عێراق به مه‌ترسی داده‌نێن و باوه‌ڕییان وایه ڕێبه‌رانی کوردی عێراقی په‌یوه‌ندییان به سه‌رهه‌ڵداوه کورده‌کانی تورکیاوه هه‌یه.
له‌شکری تورکیا ده‌ڵێت سه‌رهه‌ڵداوانی په‌که‌که بنکه‌کانی ناو باکوری عێراق به‌کارده‌هێنن بۆ مه‌شق پێکردن و خۆئاماده‌کردن بۆ ئه‌و هێرشانه‌ی له ناو تورکیادا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا، زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه و پێکدادان له ناوچه‌کانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا ڕوویانداوه و له هه‌موویان‌دا سه‌رباز و خاڵه‌کانی پشکنین کراونه‌ته نیشانه. له لایه‌کی دیکه، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق نکۆڵی ده‌کات له‌وه‌ی هیچ جۆره پشتیوانی‌یه‌کی په‌که‌که‌یان کردبێت و ده‌ڵێن له ڕاستی‌دا، هه‌ڵمه‌تی سه‌رهه‌ڵداوان زیانی به کورده‌کانی عێراق گه‌یاندووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆربه‌ی تورکه‌کان گومانیان له‌و نکۆڵی کردنه هه‌یه و نیگه‌رانن له به‌رامبه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که‌دا هه‌یه که هاوپه‌یمانی ناتۆی تورکیایه. له ڕاوه‌رگرتنێکی گشتی ئه‌م دواییه‌ش‌دا که له تورکیا ئه‌نجام دراوه، پرسیار کراوه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چ شتێک گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر تورکیا هه‌یه؟ له ئاکامدا زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کان، ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکایان به مه‌ترسی یه‌که‌م داناوه و کورده‌کانی عێراقیشیان به مه‌ترسی دووه‌م داناوه.
نوسه‌رێکی سیاسی ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆی "جمهورییه‌ت" له تورکیا، له‌یلا تاوسانۆگلوو، گوتویه‌تی به‌هۆی شه‌ڕی عێراقه‌وه، زۆربه‌ی تورکه‌کان گومانیان له به‌رامبه‌ر پلانی ئه‌مه‌ریکی‌یه‌کان هه‌یه و ئێستا گومانیان له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مه‌ریکا و ڕێبه‌رانی کوردی عێراقیش هه‌یه. ئه‌م نوسه‌ره ده‌ڵێت : ئه‌مه‌ریکی‌یه‌کان ده‌توانن بڵێن، ئه‌مه ڕاگرن - ئێوه چی ده‌که‌ن؟ به‌ڵام نایکه‌ن. ئه‌مه‌ش مانای وایه که ئه‌وان پشتیوانی له په‌که‌که ده‌که‌ن که له دژی له‌شکری تورکی شه‌ڕ ده‌که‌ن."
جێی باسه، ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هه‌روه‌ک تورکیا، په‌که‌که به گروپێکی تیرۆریستی له قه‌ڵه‌م ده‌دات.
له‌شکری تورکیاش به به‌رده‌وامی داوای له حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراقی و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکی کردووه کاری زیاتر بکه‌ن بۆ له‌ناوبردنی بنکه‌کانی سه‌رهه‌ڵداوان له باکوری عێراق. تاوه‌کو ئێستاش بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکی و عێراقی هانی گفتوگۆ ده‌ده‌ن. وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێت واشنتۆن تێده‌گات له‌و مه‌ترسی تیرۆریزمه‌ی ڕووبه‌ڕووی تورکیا بۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا باوه‌ڕی وانی‌یه که کرداری له‌شکری تورکیا له ناو عێراق‌دا هیچ سوودێکی هه‌بێت.
زۆربه‌ی تورکه‌کان هیوادارن دانوستاندن وه‌ڵامی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی سه‌رهه‌ڵداوه جودابیره‌کان بێت. جوتیارێکی کێڵگه‌یه‌کی گوڵه‌به‌ڕۆژه له گوندێکی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌سته‌نبول ده‌ڵێت ئه‌و دڵگرانه به کوشتنی سه‌ربازه تورکه‌کان له لایه‌ن سه‌رهه‌ڵداوه کورده‌کانه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، شه‌ڕکردنی زیاتر کێشه‌که چاره‌سه‌ر ناکات.
هه‌روه‌ها گوتی " ئێمه ئه‌و هێرشانه مه‌حکوم ده‌که‌ین و ئه‌مه‌ریکاش به لایه‌نی سه‌ره‌کی داده‌نێین له چاره‌سه‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه‌دا. ئه‌م کێشه‌یه ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت بێ ئه‌وه‌ی خوێنی زیاتر بڕێژرێت یان ووڵاتێک داگیر بکرێت."