سه‌رۆکی عێراقی جه‌لال تاڵه‌بانی له میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ چین له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستان و گه‌وره به‌رپرسانی چین‌دا کۆبۆوه.
باڵیۆزی عێراق له چین، دکتۆر موحه‌ممه‌د سابیر له میانه‌ی گفتوگۆیه‌کدا بۆ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا باسی له وورده‌کارییه‌کانی ئه‌و کۆبونه‌وانه و هه‌ڵوێستی ووڵاتی چین له به‌رامبه‌ر عێراق کرد. د. سابیر گوتی "چین وه‌ک ووڵاتێکی گه‌وره و وه‌ک هێزێکی ئابوری گه‌وره ئه‌ڕوانێته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی پاشه‌ڕۆژی خۆی له‌به‌رئه‌وه ئه‌مڕۆکه ده‌یه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عێراقێکی تازه‌دا په‌یدا بکات. له ڕووی سیاسی‌یه‌وه، چین پشتگیری پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌کات تاوه‌کو ئارامی بچه‌سپێت و ئاشتبوونه‌وه‌ی سیاسیش له عێراق‌دا بکرێت. له ڕووی ئابوریشه‌وه، چین ئاماده‌یه به‌شداری بکات له بیناکردنه‌وه‌ی عێراق‌دا. هه‌روه‌ها هانی کۆمپانیاکانی ده‌دات که له عێراق‌دا ئیش بکه‌ن."
سه‌باره‌ت به لێخۆشبوونی قه‌رزه‌کانی عێراقیش، باڵیۆزی عێراقی له چین ده‌ڵێت عێراق به بڕی 8 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار قه‌رزاری چینه. ئه‌و قه‌رزانه دوو جۆرن، هه‌ندێکیان حکومین و هه‌ندێکی تریان قه‌رزی کۆمپانیاکانن. به‌ڕێز سابیر ده‌ڵێت چین له %80 ی قه‌رزی کۆمپانیا عێراقی‌یه‌کان و له هه‌موو قه‌رزه‌کانی حکومه‌تی عێراقیش خۆش بوون.
بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی گفتوگۆکه، کلیکی ئه‌و فایله‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بکه.