ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌ڵێن ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک له به‌غدا به لایه‌نی که‌مه‌وه 75 که‌سی کوشتووه و 130 که‌سی دیکه‌شی بریندار کردووه. ته‌قینه‌وه‌که له نزیک مزگه‌وتێکی شیعه‌کان له ناوه‌ندی به‌غدا ڕوویداوه.
ئه‌م هێرشه له دوو ڕۆژ پاش لابردنی قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆ له شاره‌که‌دا ڕوویدا که ده‌سه‌ڵاتداران به ئامانجی وه‌ستاندنی هێرشه نه‌ژادییه‌کان دایانابوو له دوای ته‌قینه‌وه‌که‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو که له مه‌زارێکی پیرۆزی شیعه‌کان له سامه‌را ڕوویدا.
هاوکاتیش، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره‌ی دژ به تیرۆریستانی ئه‌لقاعیده له باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ده‌ست پێ‌کرد. له‌م هه‌ڵمه‌ته به‌رفراوانه‌ی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی باقوبه‌دا ڕووده‌دات، زیاتر له 10 هه‌زار سه‌رباز به‌شداری تیادا ده‌کات. له‌شکر ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا له کاتژمێره سه‌ره‌تاییه‌کانی ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌ته‌که‌دا، 22 چه‌کدار کوژراون.
کاربه‌ده‌ستانی عێراقیش ده‌ڵێن له شاری ناسرییه بۆ دووهه‌م شه‌وه پێکدادان له نێوان پۆلیسی عێراقی و چه‌کدارانی له‌شکری مه‌هدی دا ڕووده‌دات. باوه‌ڕده‌کرێت له‌م پێکدادانه‌ی که له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا ڕوویداوه، به لایه‌نی که‌مه‌وه 23 که‌س کوژراون.
هاوکاتیش له‌شکری ئه‌مه‌ریکی کوشتنی سه‌ربازێکی ڕاگه‌یاندووه که پاش هێرشکردنه سه‌ر کاروانه‌که‌یان له به‌غدا گیانی له ده‌ستداوه.
ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش، سه‌رۆک بوش کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی عێراقی‌دا ئه‌نجامدا و تیایدا باس له ریفۆرمی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی له عێراق‌دا کرا.
ووته‌بێژی کۆشکی سپی تۆنی سنۆ له‌م باره‌یه‌وه گوتی واشنتۆن باوه‌ڕی وایه ڕێبه‌رانی عێراقی ئێستا زۆر به جدییه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له سه‌ره‌كی‌یه‌کان هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رن.