Accessibility links

نانسی پـێـڵوسی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی سوری كۆده‌بێته‌وه‌


نانسی پـێـڵوسی سه‌رۆكی خانه‌ی نوێنه‌رانی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێت سه‌رۆكی سوریا دڵنیای كردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌خوازێت وتووێـژی ئاشـتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا بكات.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ دیمه‌شق نانسی پـێـڵوسی چاوی به‌ به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا كه‌وت و په‌یامێـكی له‌ ئێهود ئۆڵمه‌رتی سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیله‌وه‌ بۆ گه‌یاند كه‌ تیایدا ئاماده‌یی ئیسرائیلی بۆ وتووێـژكردن ده‌ربڕی.

پـێشـتر ڕۆژی سێشه‌ممه‌ سه‌رۆك بوش ده‌رباره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی نانسی پـێـڵوسی بۆ سوریا گوتی وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌ددا ئه‌و ئاماژه‌یه‌ ده‌دات كه‌ سوریا بڕوای وابێت ئه‌ویش وڵاتێـكه‌ وه‌ك وڵاتانی ئاسایی جیهان. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوش گوتیشی سوریا به‌ ڕێـگه‌دانی به‌ په‌ڕینه‌وه‌ی چه‌كدارانی ده‌ره‌كی بۆ ناو خاكی عێراق پـشـتگیری له‌ تێرۆریزم ده‌كات.

هاوكات نانسی پـێـڵوسی ده‌ڵێت وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ سوریادا بایه‌خ و گرنگی خۆی هه‌یه‌.

شـایانی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی نانسی پـێـڵوسی كه‌ ئه‌ندامێـكی حزبی دیموكراته‌ و نوێنه‌ری سـتانی كالیفۆرنیایه‌ و ئێسـتا سه‌رۆكی خانه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌مریكایه‌ به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی ئاست به‌رزی كاربه‌ده‌ســتێـكی ئه‌مریكایی له‌ ماوه‌ی چه‌ند سـاڵی ڕابردوودا بۆ سوریا داده‌نرێت.

XS
SM
MD
LG