له دانوستاندنه چڕوپڕه شه‌ش ڕۆژییه‌که‌ی سه‌باره‌ت به کۆتایی هێنان به به‌رنامه‌ی چه‌کی ناوه‌کی کۆریای باکور ئه‌نجامدرا، لایه‌نه به‌شداربووه‌کان توانیان بگه‌نه ڕێکه‌وتنێک له‌و باره‌یه‌وه. کورت ئاچین په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له په‌کین ه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا نوێنه‌رانی کۆریای باکور به‌ڵێنیان داوه به‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ هه‌نگاو بنێن له پێناو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌زگاکانی ریاکتۆری ناوه‌کی له ووڵاته‌که‌یاندا.
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، کریستۆفه‌ر هیڵ ده‌ڵێت ئه‌و"زۆر دڵخۆش" بووه به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕێکه‌وتنانه‌ی توانیویانه بیگه‌نێ سه‌باره‌ت به هه‌نگاوه‌کان بۆ کۆتایی هێنان به تواناکانی کۆریای باکور له بواری چه‌کی ناوه‌کی‌دا.
هه‌روه‌ها گوتی " له ڕاستی‌دا، ئه‌مه ته‌نها کۆتایی سه‌ره‌تای ئه‌و پرۆسه‌یه‌یه، به‌ڵام من باوه‌ڕم وایه ئه‌م هه‌نگاوه بۆته هانده‌رێکی زۆر بۆ هه‌موومان."
هیڵ سه‌رۆکی دانوستانده‌رانی شاندی ئه‌مه‌ریکایه که به‌شداری له ووت‌وێژی شه‌ش لایه‌نی تایبه‌ت به ڕاگرتنی به‌رنامه‌ی چه‌کی ناوه‌کی کۆریای باکوردا ده‌کات له به‌رامبه یارمه‌تی ئابوری و دیپلۆماسی.
هیڵ و شانده‌کانی چین و ژاپۆن و ڕووسیا و کۆریای باشور توانیان باوه‌ڕ به کۆریای باکور بهێنن که ڕازی بێت به ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌ک ئه‌رک له پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌که‌یان بۆ ڕاگرتنی به‌رنامه‌ی ناوه‌کی کۆریای باکور.
ناوه‌ڕۆکی ڕێکه‌وتنه‌که‌ش بریتی‌یه له‌وه‌ی که پیۆنگ یه‌نگ به‌ڵێنی داوه به‌وه‌ی ده‌زگاکانی ریاکتۆری ناوه‌کی یۆنگبیۆن له ماوه‌ی 60 ڕۆژی داهاتوودا دابخرێت، مۆری سووری لێ بدرێت و چۆڵ بکرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌زگایانه ده‌خرێنه ژێر چاودێری و پشکنینی ئاژانسی ووزه‌ی ئه‌تۆمی نێونه‌ته‌وه‌یی. له به‌رامبه‌ردا، پێنج ووڵاته‌که‌ی تری به‌شدار له دانوستاندنه‌که‌دا بڕی 50 هه‌زار ته‌ن له سوته‌مه‌نی نه‌وت به کۆریای باکور ده‌به‌خشن به‌هۆی که‌می سه‌رچاوه‌ی ووزه له ووڵاتی ناوبراودا.
هه‌روه‌ها هیڵ گوتی کۆریای باکور ده‌توانێت تاوه‌کو بڕی یه‌ک ملیۆن ته‌ن نه‌وتی ده‌ست بکه‌وێت ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌نگاوێکی تری ئه‌و ڕێکه‌وتنه جێبه‌جێ بکات که بریتی‌یه له " له کارخستنی هه‌موو ده‌زگا ناوه‌کی‌یه‌کان و پێشکه‌شکردنی ڕاگه‌یاندنێکی ته‌واو سه‌باره‌ت به به‌رنامه ناوه‌کی‌یه‌کانی کۆریای باکور."
ڕێکه‌وتنه‌که داواش له ئه‌مه‌ریکا و ژاپۆن ده‌کات له پێناو دامه‌زراندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی، هه‌ردوولا ده‌ست به ووتوێژکردن له‌گه‌ڵ کۆریای باکوردا بکه‌نه‌وه.
له 19 ی مانگی سێی داهاتووشدا، بڕیاره ووت‌وێژی شه‌ش لایه‌نی ده‌ست پێ بکاته‌وه و هه‌موو لایه‌نه‌کان هیوادارن له ماوه‌ی دوو مانگی داهاتوودا، کۆبونه‌وه له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر شه‌ش ووڵات‌دا ئه‌نجام بده‌ن.