ووته‌بێژی باڵای له‌شكری ئه‌مه‌ریكی له عێراق ده‌ڵێت چوار هه‌لیكۆپته‌ری ئه‌مه‌ریكی له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا كه‌وتۆته خواره‌وه. جم ڕاندڵ په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا له شاری هه‌ولێری كوردستانی عێراقه‌وه ده‌ڵێت ئه‌م زیانانه‌ی له له‌شكری ئه‌مه‌ریكی كه‌وتۆته‌وه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی پێشنیاری گۆڕان له چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ئه‌م فڕۆكانه‌دا بكرێت.
ژه‌نه‌ڕاڵ ولیام كاڵدوێڵ بۆ یه‌كه‌م جاره بڵێت كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌م هه‌لیكۆپته‌رانه به‌هۆی كرداری دوژمنانه‌وه بووه و به موشه‌كی دژه فڕۆكه هه‌ڵدراونه‌ته خوارێ. له میانه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌شدا، 21 ئه‌ندامی له‌شكری و به‌ڵێنده‌ری ئاسایشی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكی گیانیان له ده‌ستداوه.
ژه‌نه‌ڕاڵ كاڵدوێڵ ده‌ڵێت " له‌م دواییه‌دا چه‌ند هه‌وڵێك له ئارادا بووه بۆ نیشانه كردنی هه‌لیكۆپته‌ره‌كانمان. ئێمه‌ش له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی بینیومانه، ئێمه ئاماده‌ین گۆڕانكاری له پلانه‌كان و ته‌كنیكه‌كان و هه‌ڵمه‌ته‌كاندا بكه‌ین له‌سه‌ر چۆنێتی ناردنی ئه‌و هه‌لیكۆپته‌رانه بۆ پشتگیریكردن له هێزه‌كانی ئاسایشی عێراقی و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان. ئێمه‌ش ئه‌و گۆڕانكارییه پێویستانه ئه‌نجام ده‌ده‌ین."
دوایترینی ئه‌و جۆره ڕووداوانه‌ش ڕۆژی هه‌ینی له دووری 20 كم له باكوری به‌غدا ڕوویدا و بووه هۆی كوشتنی دوو سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی.