میدیای ئیسرائیلی ڕاده‌گه‌یه‌نن كه‌وا سه‌رۆك وه‌زیر ئێهود ئۆڵمه‌رت دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له چین، پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌دات سه‌باره‌ت به‌و تاوانی گه‌نده‌ڵی و فڕوفێڵانه‌ی خراونه‌ته پاڵی.
ڕۆژنامه و كه‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنیه‌كانی ئیسرائیل ده‌ڵێن پۆلیس ده‌یه‌وێت لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆڵمه‌رت ئه‌نجام بدات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گوایا هه‌وڵی یارمه‌تیدانی دوو دۆست و هاوڕێی داوه كه یه‌كێك له بانكه هه‌ره گه‌وره‌كانی ئیسرائیل " بانكی لێیومی" بكڕنه‌وه. به‌ڵام هاوڕێكانی نه‌یانتوانیوه له كڕینه‌وه‌ی ئه‌و بانكهدا سه‌ربكه‌ون. هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كان ده‌شڵێن سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی دیكه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدرێت و له‌وانه ئه‌و كارانه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێكی كارگوزاری ئه‌نجامیداوه كاتێك له ساڵی 2004 دا وه‌زیری پیشه‌سازی بووه.
به‌ڕێز ئۆڵمه‌رت له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له به‌یژینگ نكۆڵی كردووه له‌وه‌ی هیچ كارێكی هه‌ڵه‌ی كردبێت. وه‌زیری دادی ئیسرائیلیش تاوه‌كو ئێستا هیچ تێبینییه‌كی نه‌داوه.
له لایه‌كی دیكه، ڕاپۆرته هه‌واڵیه‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه‌وا ئێهود باراك ده‌توانێت ڕێبه‌رایه‌تی پارتی كاری ئیسرائیل بگرێته ده‌ست ئه‌گه‌ر هاتوو له‌م ڕۆژه‌ی ئه‌مڕۆدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی باراك ڕایگه‌یاند كه‌وا خواستی لابردنی ڕێبه‌ری ئێستای ئه‌و پارته وه‌زیری به‌رگری ئه‌میر پێرێتز ده‌كات. ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ش واپێده‌چێت له مانگی پێنجی داهاتوودا ئه‌نجام بدرێن.
جێی باسه، باراك له نێوان ساڵانی 1999 بۆ 2001 سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیل بوو و له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له به‌رامبه‌ر ئاریاڵ شارۆن دۆڕاندی پاش ئه‌وه‌ی وازی له سیاسه‌ت هێنا.