سه‌رۆك بوش له چه‌ند كاتژمێرێك پێش ڕاگه‌یاندنی ستراتیژی نوێی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ی له عێراقدا له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی كۆنگرسدا كۆده‌بێته‌وه بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیژییه.
سه‌رۆك بوش له میانه‌ی ئه‌و ووتاره‌دا كه بڕیاره له شه‌وی چوارشه‌ممه‌دا بڵاوی بكاته‌وه، پێشبینی ده‌كرێت بانگه‌شه‌ی ناردنی 20 هه‌زار سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ عێراق بكات. ئه‌م سه‌ربازانه‌ش زۆربه‌یان ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن تاوه‌كو ڕێگه له په‌ره‌سه‌ندنی كرداره توندوتیژییه‌كان له پایته‌ختی عێراقیدا بگرن. ڕاپۆرته هه‌واڵیه‌كانیش نیشانی ده‌ده‌ن كه‌وا له‌وانه‌یه یه‌كه‌م شه‌پۆلی سه‌ربازه‌كان له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا ڕه‌وانه بكرێن.
كاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش ده‌ڵێن سه‌رۆك بانگه‌شه‌ی گواستنه‌وه‌ی كۆنترۆڵی پارێزگاكان بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی ئاسایشی عێراقیش ده‌كات. هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كرێت، دابین كردنی یه‌ك ملیار دۆلار له یارمه‌تی ئابوری بۆ عێراق ڕابگه‌یه‌نێت.
ڕێبه‌ری نوێی هه‌ڵبژێردراوی زۆرینه‌ی دیموكراته‌كانیش له هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سیناتی ئه‌مه‌ریكا ناڕه‌زایی خۆیان نیشانداوه له به‌رامبه‌ر زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كان له عێراقدا. هه‌ندێكیان به‌ڵێنیان داوه به دانانی یاسایه‌ك، هه‌روه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ڕێگه له په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕه‌كه بگرێت به واتایه‌كی دیكه ئه‌و یاسایه وا له سه‌رۆك بكات نه‌توانێت هێزی زیاتر بۆ عێراق ڕه‌وانه بكات تاوه‌كو ڕه‌زامه‌ندی كۆنگرێس وه‌رنه‌گرێت.
بۆ ئاگاداری، سه‌رۆك بوش له كاتژمێر 9:01 ی شه‌و به كاتی واشنتۆنی پایته‌خت ووتاره‌كه‌ی بڵاوده‌كاته‌وه.