هه‌ردوو خانم شیرینی عیبادی و جودی ولیه‌مس كه خه‌ڵاتی نوبڵیان بۆ ئاشـتی بردۆته‌وه
داوا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆك بوش ده‌كه‌ن گفتوگۆیه‌كی بنیاتكه‌رانه له‌گه‌ڵ تاران‌دا بكه‌ن.
شیرین عیبادی كه ئێرانیـیه ده‌ڵێت سه‌پاندنی سـزا و كاری له‌شـكری له دژی ئێران زیان به هه‌وڵی چاكسـازیخوازانی سـیاسی و بزاڤكارانی مافی مرۆڤ له ناو وڵاته‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.
خانم عیبادی ده‌ڵێت ده‌بێت دانوسـتاندن سوود به گه‌لی هه‌ردوو وڵات بگه‌یه‌نێت و بـبێته مایه‌ی گه‌شه‌پـێـكردنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ له ئێران. هه‌روه‌ها گوتی ده‌بێت دانوسـتاندن له ئاستی هه‌ردوو سه‌رۆك و هه‌ردوو په‌رله‌مان و هه‌ردوو كۆمه‌ڵـگای مه‌ده‌نی ئه‌مریكی و ئێرانی‌دا سـازبكرێت. گوتیشی مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕ و ئاشـتی ته‌نها كێشه‌ی حكومه‌ته‌كانی هه‌ردوو وڵات نیـیه به‌ڵـكو ده‌بێت خه‌ڵـكیش بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.
خانم جودی ولیه‌مسیش كه ئه‌مریـكیـیه گوتی من باوه‌ڕ ناكه‌م له پـڕێـكدا سه‌رۆك بوش گوێ له قسه‌ی دوو ژن بگرێت، گوتیشی به‌هه‌رحاڵ ئێمه وه‌ك براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشـتی له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران ده‌نگی خۆمان بۆ سـازكردنی وتووێـژێـكی ژیرانه به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه.