ڕووسیا داوای دواخستنی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌ت به چه‌سپاندنی گه‌مارۆ له دژی ئێران کردووه که پێشتر بڕیاردرابوو ڕۆژی هه‌ینی ئه‌نجام بدرێت.
دوای کۆبونه‌وه‌ی هه‌ر پێنج ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌دا، ڤیتالی چورکن باڵیۆزی ڕووسیا له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان گوتویه‌تی داوای کاتی زیاتر بۆ ووتوێژکردن له‌سه‌ر وورده‌کارییه‌کانی ئه‌و بڕیاره پێشنیارکراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌کات.
چورکن گوتویه‌تی باوه‌ڕناکه‌م له ڕۆژی هه‌ینی‌دا ده‌نگدان به‌ڕێوه بچێت. له‌وانه‌یه رۆژی شه‌ممه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ڕۆژی هه‌ینیمان پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی زیاترێک بیر بکه‌ینه‌وه و گفتوگۆی زیاتر بکه‌ین.
چورکن ئاماده نه‌بووه باس له وورده‌کارییه‌کانی نیگه‌رانی‌یه‌کانیان له به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره بکه‌ن، به‌ڵام گوتویه‌تی ئه‌و پرسیارانه‌ی له دانیشتنه‌که‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌دا خستویه‌تیه ڕوو به مه‌به‌ستی دڵنیابوون بووه له‌وه‌ی که ئێران به‌هۆی په‌یوه‌ندی نه‌بوونی به چه‌کی ناوه‌کی یه‌وه سزا بدرێت. چورکن گوتویه‌تی هێشتا چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌کی قورس و گران ماونه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ش مه‌سه‌له گرنگه‌کانن.
یه‌کێک له دیپلۆماته‌کانی که به‌شداری کۆبونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی کردووه، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند که‌وا له دوا ساتدا، سه‌رۆک ڤلادمیر پوتن خۆیشی به‌شداری مشتومڕه‌که‌ی کردووه.
به‌رنوسی ئه‌و بڕیاره‌ی که بڕیاربوو ڕۆژی هه‌ینی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرایه، تیایدا ڕێگه له ئێران ده‌گرێت که کڕین و فرۆشتنی که‌ره‌سته و ته‌کنه‌لۆژیای تایبه‌ت به پیتاندنی یۆرانیۆم و جارێکی تر به‌کارهێنانه‌وه‌ی ئه‌نجام بدات، هه‌روه‌هاش کڕین و فڕۆشتنی موشه‌کی باڵستیکی و سیسته‌می گه‌یاندنه‌که‌ی قه‌ده‌غه ده‌کات. بڕیاره‌که باس له کۆنترۆڵکردنی سه‌رمایه‌ی 12 که‌س و 11 کۆمپانیا یاخود ئاژانسی ئێرانی ده‌کات که باوه‌ڕده‌کرێت له چالاکی‌یه هه‌ستیاره‌کانی ووزه‌ی ناوه‌کی‌دا به‌شدارییان کردبێت.
دیپلۆماته خۆرئاواییه‌کانیش ده‌ڵێن ڕووسیا داخوازی که‌مکردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی کۆنترۆڵکردنی سه‌رمایه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی لیستی ناوی کۆمپانیاکان ده‌کات.
باڵیۆزی کاتی ئه‌مه‌ریکاش له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، ئه‌لیخاندرۆ وۆڵف، گوتویه‌تی ئه‌و هه‌وڵ ده‌دات ده‌نگدانه‌که به‌ڕێوه بچێت ئه‌گه‌ر چی بێ ڕازی بوونی ڕووسیاش بێت.
ئه‌م گه‌مارۆیه‌ش که پێشنیارکراوه له دژی ئێران بچه‌سپێنرێت، وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجومه‌نه بۆ شکست هێنانی ئێران له ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم له 31 ی مانگی هه‌شتی ڕابردوو و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ مێزی دانوستاندن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکاش، خانم کۆنده‌لیزا رایس گوتویه‌تی ئه‌و به‌نده‌کانی ئه‌و بڕیاره‌ی ئێستای لا په‌سه‌نده سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له به‌رنوسه‌کانی پێشین نه‌رمترێکه.
سه‌رۆکی ئێرانیش مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد گوتویه‌تی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌مارۆیانه کاریگه‌ری له‌سه‌ر ووڵاته‌که‌ی نابێت. ئێران هه‌ر له‌سه‌ر به‌رنامه ناوه‌كی‌یه ئاشتیخوازه‌که‌یی و پیتاندنی یۆرانیۆم به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت له نێو چوارچێوه‌ی مافی خۆیه‌تی که سووته‌مه‌نی ناوه‌کی دروست بکات.