سه‌رۆک بوش ده‌ڵێت به جدییه‌وه بیر له هه‌موو پێشنیاره‌کانی گروپی توێژینه‌وه‌ی عێراق ده‌کات که له ڕاپۆرتێکدا هه‌فته‌ی ڕابردوو بڵاوییان کردۆته‌وه.
به‌ڕێز بوش له میانه‌ی ووتاری هه‌فتانه‌ی ڕادیۆیی‌دا ڕۆژی شه‌ممه گوتی هاوکات چاوه‌ڕێی ڕاپۆرتێکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و پنتاگۆن و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی سه‌باره‌ت به عێراق ده‌کات.
کۆشکی سپی ده‌ڵێت به‌ڕێز بوش له هه‌فته‌ی داهاتوودا گه‌ڵ ڕێبه‌رانی کۆنگرس و فه‌رمانده له‌شکرییه‌کان و شاره‌زا بێ لایه‌نه‌کاندا کۆده‌بێته‌وه وه‌ک به‌شێک له ئامانجی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌یان بۆ پێشکه‌شکردنی پلانێکی نوێی ده‌ستکاریکراو له‌سه‌ر عێراق تاوه‌کو کۆتایی ساڵ.
سه‌رۆکی داهاتووی کۆمیته‌ی زانیارییه‌کان له ئه‌نجومه‌نی هاوس، سڵڤیستر رایه‌س که کۆنگرسمانێکی سه‌ر به دیموکراته‌کانه، له میانه‌ی ووتارێکی ڕادیۆیی وه‌ڵمادانه‌وه‌ی دیموکراته‌کان گوتویه‌تی ده‌بێت ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق‌دا زیاترێک تیشک بخاته سه‌ر ڕاهێنان و نه‌ک ڕووبه‌ڕووبونه‌وه و شه‌ڕکردن. هه‌روه‌ها گوتی ده‌بێت ئه‌مه‌ریکا داخوازی ئه‌نجامی زیاتر له حکومه‌تی عێراقی بکات.
سه‌رۆک بوش هه‌فته‌ی ڕابردوو له کۆشکی سپی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری باڵای شیعه‌کانی عێراق عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌کیم و سه‌رۆک وه‌زیری به‌ریتانی تۆنی بلێر کۆبۆوه و گفتوگۆیان له‌سه‌ر عێراق کرد.
ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستیش ڕۆژی شه‌ممه ڕایگه‌یاند که‌وا به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش گفتوگۆ له‌سه‌ر سێ بژاری سه‌ره‌کی ده‌کات بۆ پێناسه کردنه‌وه‌ی کاره‌کانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق.
ڕۆژنامه‌که ده‌ڵێت یه‌کێک له بژاره‌کان بانگه‌شه‌ی ناردنی 15 هه‌زار بۆ 30 هه‌زار سه‌ربازی دیکه‌ی ئه‌مه‌ریکی ده‌کات تاوه‌کو به‌شداری پاراستنی ئاسایشی به‌غدا و هه‌روه‌ها خێراکردنی مه‌شق و ڕاهێنان پێکردن به هێزه‌کانی عێراقی بکه‌ن. بژاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه که ئه‌مه‌ریکا تیشک بخاته سه‌ر گه‌ڕان به دوای تیرۆریستان دا و دوور له مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵ توندوتیژییه نه‌ژادییه‌کان‌دا. سێهه‌م بژاریش بانگه‌شه‌ی زیادکردنی پشتگیری سیاسی له شیعه‌کان و دوورکه‌وتنه‌وه له هه‌وڵه‌کان بۆ گه‌یشتن به یاخیبووه سونه‌کان.
واشنتۆن پۆست ده‌شڵێت له نێو کاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش دا ده‌نگێکی زۆر هه‌یه سه‌باره‌ت به گواستنه‌وه‌ی به‌رپرسێتی کێشه عێراقی‌یه‌کان بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراقی‌یه‌كان خۆیان.