سه‌رۆک بوش ڕۆژی چوارشه‌ممه، وه‌زیری به‌رگری دۆناڵد ڕامسڤڵدی لابرد له ڕۆژێک پاش شکستهێنانی پارته‌که‌ی واتا کۆمارییه‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆنگرس هه‌روه‌ک سیاسه‌تمه‌داران ده‌ڵێن به‌هۆی نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریکیه‌کان له به‌رامبه‌ر شه‌ڕی عێراق.
سه‌رۆک بوش هه‌واڵی ڕۆیشتنی وه‌زیری به‌رگری له میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕاگه‌یاند و گوتی " پاش زنجیره‌یه‌ک گفتوگۆی چڕ‌وپڕ، وه‌زیر ڕامسڤڵد و من کۆک بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کاتێکی دروسته بۆ هێنانی ڕێبه‌رێکی نوێ بۆ پنتاگۆن."
سه‌رۆک بوش گوتی به‌ڕێز ڕامسڤڵد "ڕێبه‌رێکی لێهاتوو" بوو له‌و کاته‌ی که گۆڕانکارییه‌کی زۆر ڕوویدا. هه‌روه‌ها گوتی ڕۆیشتنی به‌ڕێز ڕامسڤڵد به‌شێکه له کارکردنیکی دیموکراسیانه‌ی ئاسایی و هۆشداری دیموکراته‌کانی کرد که ئه‌م کاره‌ی به هه‌ڵه تێی نه‌ڕوانن و به لاوازی دانه‌نێن.
هه‌روه‌ها سه‌رۆک، به‌ڕێوبه‌ری پێشووی ده‌زگای زانیاری ئه‌مه‌ریکی رۆبه‌رت گه‌یتس ی ڕاگه‌یاند وه‌ک کاندیدی نوێی پۆستی وه‌زیری به‌رگری. ئه‌م کاندید کردنه ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی نوێی سینات ده‌نگی له‌سه‌ر بدات که له‌وانه‌یه له لایه‌ن پارتی دیموکراته‌کانه‌وه کۆنترۆڵ بکرێت.
زۆربه‌ی دیموکراته‌کان و هه‌ندێ له کۆمارییه‌کانیش پێشتر بانگه‌شه‌ی لابردنی وه‌زیر ڕامسڤڵدییان کردبوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له دانانی پلان‌دا لاواز بووه و هه‌رئه‌وه‌ش بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له عێراق‌دا.
به‌ڕێز دۆناڵد ڕامسڤڵد یه‌کێک بوو له‌و وه‌زیرانه‌ی به‌رگری که له مێژووی ئه‌مه‌ریکادا بۆ درێژترین ماوه خزمه‌تی کرد.