Accessibility links

ئێران په‌ره‌ به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌کیه‌که‌ی ده‌دات


سه‌رچاوه‌ هه‌واڵیه‌کان له زاری دیپلۆماته‌کان له ڤیه‌ننا که ناوی خۆیان ئاشکرا نه‌کردووه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌وا ئێران به‌رنامه‌ ناوه‌کیه‌که‌ی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم فراوان ده‌کات له کاتێکدا که ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ره‌کی جیهان سزاکانی دژ به‌ تاران دیاری ده‌که‌ن.

دیپلۆماته‌کان به‌ ئاژانسه‌کانی هه‌واڵیان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌وا ئێران دووه‌م ده‌زگای پیتاندنی تاقیکردۆته‌وه‌. سه‌رچاوه‌که ده‌شڵێت تاقیکردنه‌وه‌که‌ سه‌ره‌تایی بووه‌ و یۆرانیۆمی ڕاسته‌قینه‌ی تیا به‌رهه‌م نه‌هێنراوه‌.

ووته‌بێژێکی ئاژانسی چاودێری ووزه‌ی ناوه‌کی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش واتا ئاژانسی ووزه‌ی ئه‌تۆمی نێونه‌ته‌وه‌یی هیچ تێبینی‌یه‌کی له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

ئێران له مانگی چواری ڕابردوودا ڕایگه‌یاند که‌وا ده‌ستی به‌ پیتاندنی یۆرانیۆم کردۆته‌وه‌ که له‌وانه‌یه‌ له به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی کاره‌با و یاخود له دروست کردنی چه‌کی ئه‌تۆم‌دا به‌کاربهێنرێت و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی پیتاندنه‌که‌ وه‌ستاوه‌.

له کاتێکدا که ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان هه‌نگاو به‌ره‌و داڕشتنی ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌نێن که‌ تیایدا سزا به‌ سه‌ر ئێران‌دا ده‌چه‌سپێنێت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسی سێرجی لاڤرۆڤ گوتویه‌تی مۆسکۆ هیواداره‌ ئێران بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌شداریکردن له‌ دانوستاندنه‌کانی تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ناوه‌کی.

له ئێرانیش، سه‌رۆک مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد جارێکی دیکه‌ گوتویه‌تی ووڵاته‌که‌ی واز له به‌رنامه‌ ناوه‌کیه‌که‌ی ناهێنێت.

جێی باسه‌، ووتوێژه‌کانی نێوان یه‌کێتی ئه‌وروپا و تارانیش شکستی هێنا پاش ئه‌وه‌ی ئێران ڕازی نه‌بوو به‌ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئێران به‌ره‌نگاری ئه‌و دوامۆڵه‌ته‌ی 31 ی ئۆگه‌ست یان مانگی هه‌شتی ڕابردوو بۆوه‌ که له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ بۆی دانرابوو تاوه‌کو چالاکیه‌ ناوه‌کیه‌کانی ڕابگرێت.

پێشبینیش ده‌کرێت له ئاینده‌یه‌کی نزیک‌دا، به‌رنوسی ئه‌و بڕیاره‌ی ژماره‌یه‌ک سزای دیاریکراو به‌ سه‌ر ئێران دا ده‌چه‌سپێنێت پێشکه‌شی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بکرێت. ‌ ڕووسیا و چین که مافی ڤیتۆ یان هه‌یه‌، له دژی چه‌سپاندنی سزای توندن که به‌ سه‌ر ئێران دا جێبه‌جێ بکرێت .

XS
SM
MD
LG