پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێن ته‌قینه‌وه‌ی سێ ئۆتۆمبیل له به‌غدا بۆته هۆی كوشتنی به لایه‌نی كه‌مه‌وه 30 كه‌س .
تهقینهوهكهیهكی گه‌وره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه له نزیك بانكێكی شارۆچكه‌ی سوێره كه له دووری 50 كم له پایته‌خته‌وه دووره بۆته هۆی كوشتنی به لایه‌نی كه‌مه‌وه 10 كه‌س. دانیشتوانی شارۆچكه‌ی سوێرهش تێكه‌ڵه له سونه و شیعه و به به‌رده‌وامی ئامانجی هێرشی یاخیبوان بووه.
له ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژدا و له كاتی ڕۆژ و شكاندنی مانگی ڕه‌مه‌زاندا، ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمب چێنراو له دوو ناوچه‌ی جیاوازی به‌غدا بۆته هۆی كوشتنی به لایه‌نی كه‌مه‌وه 20 كه‌س و برینداربوونی 17 كه‌س.
له شارۆچكه‌ی به‌له‌دی باكوری پایته‌ختیش، كاربه‌ده‌ستانی نه‌خۆشخانه و له‌شكری ده‌ڵێن چه‌كداره شیعه‌كان به لایه‌نی كه‌مه‌وه 74 كه‌سیان دۆزیوه‌ته‌وه پاش ئه‌وه‌ی چه‌كداران 14 كرێكاری شیعه‌یان له نزیك هه‌مان شار له ڕۆژی هه‌ینی پێشوودا كوشت.
له ڕۆژی هه‌ینیشه‌وه، ژماره‌ی قوربانیه‌كان له عێراق گه‌یشتۆته 118 كه‌س.
له‌شكری ئه‌مریكیش ده‌ڵێت ڕۆژی یه‌كشه‌ممه دوو مارینز و سێ سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراون و به‌م شێوه‌یه ژماره‌ی قوربانییه‌كانی له‌شكری ئه‌مریكی له ڕۆژی هه‌ینییه‌وه گه‌یشتۆته 12 كه‌س.
هه‌ر له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، سه‌رۆكی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جۆرج بوش، سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی نوری ئه‌لمالكی دڵنیا كردۆته‌وه له‌وه‌ی واشنتۆن پشتگیرییه‌كی ته‌واوی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات كه له ڕێگه‌ی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه‌وه هه‌ڵبژێراوه.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنیه‌ی نێوان هه‌ردوولا 15 خوله‌كی خایاند و سه‌رۆك بوش به به‌ڕێز ئهلمالكیشی گوتووه ئه‌و پڕوپاگه‌نده و قسه‌وباسانه فه‌رامۆش بكات كه ده‌ڵێن ئه‌مه‌ریكا به نیازه خشته‌یه‌كی كاتی بۆ حكومه‌تی عێراقی دابنێت تاوه‌كو ڕه‌وشی ئاسایشی ووڵاته‌كه به‌ره‌وپێش به‌رن.
له میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكیشدا كه ڕۆژی دووشه‌ممه ڕۆژنامه‌ی ( USA Today ) بڵاوی كردۆته‌وه، به‌ڕێز ئه‌لمالكی گوتویه‌تی ده‌بێت هێزه چه‌كدارییه‌كان له عێراق هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، به‌ڵام گوتیشی ئه‌و پرۆسه‌یه كاتی پێده‌چێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه له‌وانه‌یه له كۆتایی ئه‌مساڵ و ده‌ستپێكی ساڵی داهاتوودا ئه‌نجام بدرێت.
جێی باسه، ڕه‌وشی ئاسایشی عێراق له ماوه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزدا به‌ره‌و خراپی ڕۆیشتووه و به تایبه‌تی له پایته‌ختدا.