Accessibility links

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سه‌باره‌ت به‌ تاقیكردنه‌وه‌ ناوه‌كی‌یه‌كه‌ی كۆریای باكور كۆده‌بیێته‌وه‌


ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌كان پێداچونه‌وه‌ به‌ سه‌ر چه‌ند پێشنیازێكی ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات‌ كه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ی كۆریای باكور پێشنیازی كردووه‌.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ڕه‌خنه‌ی له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ گرت، به‌ڵام شاره‌زایانی یاسایی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆبونه‌وه‌ی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن تاوه‌كو مشتومڕ له سه‌ر چه‌ند هه‌ڵوێستێكی ده‌ست نیشانكراو و توند بكه‌ن.

به‌ریتانیا گوتویه‌تی به‌ پێی به‌ندی حه‌وته‌م له ده‌ستورنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، فشارده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی گه‌مارۆ له دژی كۆریای باكور بچه‌سپێنرێت. به‌ پێی ئه‌و به‌نده‌، سزای ئابوری یاخود كرداری له‌شكری له دژی هه‌ر لایه‌ك به‌كارده‌هێنرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له ئاشتی بكات یاخود كردارێكی توندوتیژانه‌ ئه‌نجام بدات.

ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشنیازی كردووه‌ كه هه‌موو كه‌شتی‌یه‌ ده‌ریاییه‌كانی ده‌چنه‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باكور ده‌بێت به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕان به شوێن چه‌كی كۆمه‌ڵ كوژ یاخود مادده‌ی هاوشێوه‌، بپشكێنرێن.‌ هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوش ڕایگه‌یاند كه‌وا ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، چین، رووسیا، ژاپۆن و كۆریای باشور هه‌موو كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵوێستێكی توند وه‌ربگرێت

باڵیۆزی كۆریای باكوریش له نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گوتویه‌تی پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پیرۆزبایی له كۆریای باكور بكات و نه‌ك " بڕیاری ناڕێزی و بێ سوود ده‌ربكات."
كۆریای باكور ڕۆژی دووشه‌ممه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ناوه‌كی له‌ ژێر زه‌وی‌دا به ئه‌نجام گه‌یاند، ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌ به‌هێزه‌ ده‌ستبه‌جێ له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ڕه‌خنه‌ی لێگیرا

چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تیش توانیویانه‌ له ڕێگه‌ی پێوانه‌ی له‌رزینی ژێرزه‌وی‌یه‌‌وه‌، ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ناوه‌كیه‌ی كۆریای باكورییان پشت ڕاستكرده‌وه‌ كه له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا ئه‌نجامی‌دا. هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ڕاده‌ی به‌هێزی ته‌قینه‌وه‌كه‌ش جیاواز بوون و كۆریای باشور ده‌ڵێت تاقیكردنه‌وه‌‌كه‌ هێزی كه‌مێك كه‌متر له یه‌ك هه‌زار ته‌نی (تی، ئێن، تی) هه‌بووه‌‌.

كاربه‌ده‌ستانی ڕووسیاش ده‌ڵێن له‌وانه‌یه‌ له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا بڕی 15 هه‌زار ته‌ن له (تی . ئێن. تی) به‌كارهێنرابێت و ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌‌نده‌ی هێزی ئه‌و بۆمبه‌ ئه‌تۆمی‌یه‌ كه ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ساڵی 1945 له‌ هیرۆشیمای ووڵاتی ژاپۆ‌ن‌دا به‌كارهێنراوه‌.

كاربه‌ده‌ستانی ده‌زگای زانیاری كۆریای باشوریش ده‌ڵێت واپێده‌چێت له‌وانه‌یه‌ كۆریای باكور خۆی بۆ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تری ناوه‌كی ئاماده‌ بكات.‌ ‌

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، كۆریای باشوری ئاستی هۆشداری له‌شكری به‌رزكردۆته‌وه‌ و سه‌رۆكی ووڵاته‌كه‌ بانگه‌شه‌ی كۆبونه‌وه‌یه‌كی ته‌نگه‌تاوی كردووه‌.

XS
SM
MD
LG