سه‌رۆک جۆرج ده‌بلیو بوش له میانه‌ی ووتارێکدا که پێشکه‌شی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی کرد، باسی ڕه‌وشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی کرد.
سه‌رۆک بوش گوتی بۆ "ده‌یان ساڵه" به ملیۆنه‌ها که‌س له ژن و پیاوی ناوچه‌که که‌وتونه‌ته ناو داوی سه‌رکوتکردن و نائومێدییه‌وه. ئه‌م بارودۆخانه‌ش، نه‌وه‌یه‌کی به بێزاری جێهێشتووه و ناوچه‌که‌ی کردۆته سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی توندڕه‌وی. سه‌رۆک بوش: "بیربکه‌ره‌وه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خۆت بخه‌یته جێگه‌ی که‌سێکی لاو. له ووڵاتێکدا بژیت به‌ره‌و ریفۆرم نه‌ڕوات و ئاوڕ له هه‌رچ لایه‌ک بده‌یته‌وه، گوێت له توندڕه‌وه‌کان بێت که پێت ده‌ڵێن ده‌توانیت له ڕێگه‌ی توندوتیژی و تیرۆر و خۆشه‌هیدکردنه‌وه، سه‌روه‌ری خۆت بگه‌ڕێنیته‌وه." هه‌روه‌ها گوتی بۆ زۆربه‌ی دانیشتوانی سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، ئه‌مه بژارێکی خه‌مداره و ڕۆژانه دێته به‌رده‌میان.
به‌ڕێز بوش گوتیشی " هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی شارستانی به جیهانی موسوڵمانانیشه‌وه پێویسته پشتگیری ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی ناوچه‌که بکه‌ن که بژارێکی ئومێده‌وارترییان له لایه. ئێمه ده‌زانین ئه‌گه‌ر هاتوو خه‌ڵک بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئاینده‌ی خۆی، خاوه‌ن بڕیار بێت ئه‌وا که‌مترێک ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که له ڕێگه‌ی هێرشی خۆکوژییه‌وه خۆیان بته‌قێننه‌وه."
سه‌رۆک جۆرج ده‌بلیو بوش له میانه‌ی ووتاره‌که‌شیدا چه‌ند ووته‌یه‌کی ئاڕاسته‌ی خه‌ڵکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کرد و گوتی ئێمه ده‌زانین کاتێک که ڕێبه‌ران هه‌ست به به‌ر‌پرسیاری له به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌ی خۆیان ده‌که‌ن ئه‌وا واپێده‌چێت که له پێناو سه‌رکه‌وتنی ووڵاتیانیان، زیاترێک گرنگ به کاروباری نیشتمان بده‌ن وه‌ک له‌وه‌ی گرنگی به تیرۆر و ده‌ستبه‌سه‌ری بده‌ن. سه‌رۆک: " توندڕه‌وان له ناو خۆتاندا پڕوپاگه‌نده بڵاوده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن خۆرئاوا شه‌ڕ له دژی ئیسلام ده‌کات. ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ش چه‌وته و مه‌به‌سته‌که‌ی چه‌واشه‌کردنی ئێوه‌یه تاوه‌کو کرداری تیرۆرکاری ڕه‌وا بکه‌ن. ئێمه ڕێز له ئیسلام ده‌گرین، به‌ڵام گه‌لی خۆشمان له‌و که‌سانه ده‌پارێزین که ئیسلام چه‌واشه ده‌که‌ن و بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی کاری کوشتنکاری و وێرانکاری به‌کاری ده‌هێنن."
سه‌رۆک بوش له کۆتاییدا گوتی ئامانجی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئه‌وه‌یه که یارمه‌تی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بدات بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئارام و ئومێده‌وار دابمه‌زرێنن، به جۆرێک که ڕێز له گه‌لانی هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌کان بگرێت و هانی به‌رقه‌رابوونی ئاشتی بدات.
ئه‌م ووتاره بیروباوه‌ڕی حکومه‌تی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکابوو