وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كۆنده‌لیزا رایس ڕۆژی چوارشه‌ممه سه‌ردانی ئیسرائیل و هه‌رێمه فه‌له‌ستینیه‌كانی كرد تاوه‌كو سه‌باره‌ت به بوژاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆبونه‌وه ساز بكات.
خانم رایس له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فه‌له‌ستینیه‌كان مه‌حمود عه‌باس له شاری ڕامه‌ڵای كه‌ناری خۆرئاوا كۆده‌بێته‌وه و له پاشدا سه‌ردانی ئورشه‌لیم ئه‌لقودس ده‌كات تاوه‌كو به‌شداری ئێواره خوانێك له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیری ئیسرائیلی ئێهود ئۆڵمه‌رت بكات. به نیازیشه، له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌شدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیلی تزیپی لیڤینی كۆببێته‌وه.
كۆنده‌لیزا رایس له زوویه‌كی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌شدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی میسری حوسنی موباره‌ك له قاهیره كۆبۆوه و گفتوگۆی له‌سه‌ر كێشه‌ی نێوان ئیسرائیلی و فه‌له‌ستینیه‌كان كرد. ڕۆژی سێشه‌ممه‌ش، خانم رایس له قاهیره داوای له حه‌ماس كرد كه به ته‌واوه‌تی ڕێز له پرنسیپه‌كانی گروپی چوارقۆڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگرن كه له ووڵاته یه‌کگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، یه‌كێتی ئه‌وروپا، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕووسیا پێكهاتوون و گوتی پێویسته حه‌ماس توندوتیژی ڕه‌ت بكاته‌وه و دان به بوونی ئیسرائیل‌دا بهێنێت و ڕێكه‌وتنه‌كانی فه‌له‌ستینیه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی جوله‌كه‌كان‌دا په‌سه‌ند بكات.
هه‌روه‌ها خانم رایس بانگه‌شه‌ی كۆتایی هاتنی شه‌ڕوپێكدادانی نیوان حه‌ماس و لایه‌نگرانی فه‌تح ی كرد كه له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌وه بونه‌ته هۆی كوشتنی 12 كه‌س.