چوار ئه‌فسه‌ری پۆلیس له باشوری تایله‌ند به‌هۆی ڕوودانی ته‌قینه‌وه‌یه‌كه‌و‌ه برینداربوون و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م هێرشه ئه‌نجام بدرێت له دوای ئه‌و كوده‌تا سه‌ربازییه‌ی بووه هۆی لابردنی سه‌رۆك وه‌زیر تاكسین شیناواترا.
ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن ئه‌فسه‌ره‌كان ئاسایشی ناوچه‌ی په‌تانی یان توند ده‌کرد پێش ئه‌وه‌ی میر واجیرالۆنگۆرن سه‌ردانی ئه‌و ناوچه‌یه بكات له ڕۆژی شه‌ممه‌دا، هه‌روه‌ها له نزیك بۆمبه ته‌قیوه‌كه‌ش بۆمبێكی تری چێنراوی لاڕێی تریش دۆزراوه‌ته‌وه.
ژه‌نه‌ڕاڵ سۆندی پونی - یاراتگلین كه فه‌رمانده‌ی ئه‌و كۆده‌تا سه‌ربازییه‌ی كردبوو، یه‌كه‌م موسوڵمان بوو كه سه‌رۆكایه‌تی له‌شكری تایله‌ندی بكات و پێشتر ڕاسپێردرابوو ئه‌و ناكۆكیانه چاره‌سه‌ر بكات كه بوونه‌ته هۆی له ده‌ستدانی گیانی 1300 كه‌س له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا.
ڕۆژی هه‌ینی‌ش نزیكه‌ی سه‌د خۆپیشانده‌ر له بانگكۆك به‌ره‌نگاری ئه‌و بڕیاره بوونه‌وه كه كۆبونه‌وه‌ی گشتی قه‌ده‌غه كردبوو، به‌ڵام پۆلیس هیچ هه‌ڵوێستێكی له دژییان وه‌رنه‌گرت.
فه‌رمانده‌كانی ئه‌و كوده‌تا سه‌ربازییه بڕیاریاندابوو ڕێگه به كۆبونه‌وه‌ی پێنج كه‌س و زیاتر له شوێنه گشتی‌یه‌كاندا نه‌درێت، هه‌روه‌ها ده‌سته‌یه‌كیان ڕێكخستووه كه لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و كاره گه‌نده‌ڵیانه بكات كه له سه‌رده‌می سه‌رۆك وه‌زیر تاكسین شیناواتر ئه‌نجام دراوه.
به پێی ڕاوه‌رگرتنه گشتی‌یه‌كانیش له سه‌دا 80 ی دانیشتوانی ناوچه‌كه، ئه‌م كوده‌تا سه‌ربازییه‌یان پێشخۆشه چونكه بووه هۆی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی كه بۆ چه‌ندین مانگه نائارامه.