ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێک له شاری به‌یدووه له نزیک په‌رله‌مانی سۆماڵی له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا بووه هۆی کوشتنی به لایه‌نی که‌مه‌وه 11 که‌س. یه‌کێک له قوربانیه‌کان برای سه‌رۆکی ووڵاته‌که بوو و کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن ژماره‌یه‌ک که‌سی دیکه‌ش له ئه‌نجام ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌دا بریندار بوون.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سۆماڵیا، ئیسماعیل موحه‌ممه‌د هوره به ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاند که‌وا ئاشکرایه ئه‌و کرداره هه‌وڵێک بووه بۆ کوشتنی سه‌رۆکی سۆماڵیا عه‌بدوڵا یوسف ئه‌حمه‌د له کاتێکدا که کۆبونه‌وه‌یه‌کی په‌رله‌مانی به‌جێ ده‌هێشت.
به‌ڕێز هوره گوتی " ئۆتۆمبیله‌که له نزیکه‌ی 100 مه‌تر له دووری په‌رله‌مانه‌وه ته‌قیه‌وه له کاتێکدا که سه‌رۆک له بینای په‌رله‌مان ده‌هاته ده‌ره‌وه. له ئه‌نجام ته‌قینه‌وه‌که‌دا، سه‌رۆک هیچ زیانێکی پێ نه‌گه‌یشت به‌ڵکو ته‌نها ئۆتۆمبیله‌کانی کاروانه‌که‌ی به‌ر هه‌ڵمه‌تی ته‌قینه‌وه‌که که‌وتن. باوه‌ڕ ده‌کرێت ئۆتۆمبیله‌که له ڕێگه‌ی ریمۆنت کۆنترۆڵه‌وه ته‌قێنرابێته‌وه."
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سۆماڵی له درێژه‌ی قسه‌کانیشیدا ده‌ستی تاوانکاری بۆ پارتی یه‌کێتی دادگا ئیسلامیه‌کانی سۆماڵ درێژکرد که له مه‌قادیشۆی پایته‌خت حکومه‌تێکی دیکه‌یان دامه‌زراندووه و مه‌به‌ستیان له‌م ته‌قینه‌وه‌یه زیاتر شێواندنی ڕه‌وشی سۆماڵه.