كابنه‌تی لوبنانی ڕازی بووه به ڕه‌وانه‌كردنی له‌شكر بۆ ناوچه‌كانی باشور كه ئیسرائیل به نیازه لێ بكشێته‌وه.
كاربه‌ده‌ستان له به‌یروت ده‌ڵێن ڕۆژی چوارشه‌ممه، كابنه‌تی لوبنانی ڕای خۆی دا له‌سه‌ر پلانی ناردنی سه‌ربازه‌كان بۆ ناوچه‌كانی لای ڕووباری لیتانی له باشور و بڕیاره ئه‌و پرۆسه‌یه له ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌وه ده‌ست پێ بكات.
وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی لوبنانیش غازی ئهریدی دوا به دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ی كابنه‌تی لوبنانی گوتی هیچ لایه‌نێك ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت چه‌كی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌ست نیشانی نه‌كرد كه چۆن یاخود ئایا سه‌ربازه‌كانی لوبنان حیزبوالله بێ چه‌ك ده‌كه‌ن یان نا.
به پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ن. ی، 15 هه‌زار سه‌ربازی لوبنانی و نزیكه‌ی 15 هه‌زار سه‌ربازی نێونه‌ته‌وه‌یش بۆ باشوری لوبنان ڕه‌وانه ده‌كرێن.
پێشتریش، سه‌رۆكی ستونه له‌شكرییه‌كانی ئیسرائیل دان هالوتز هۆشداری ئه‌وه‌ی داوه كه ئه‌گه‌ر هاتوو له‌شكری لوبنانی له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا له‌و ناوچه‌یه‌دا بڵاو نه‌بێته‌وه، ئه‌وا له‌شكری ئیسرائیلی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌كه ڕاده‌گرێت.
سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش، كۆفی ئه‌نان ڕۆژی پێنج شه‌ممه شاندێكی تایبه‌ت بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌نێرێت تاوه‌كو به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی ئاگربه‌سته‌كه هه‌ڵبسه‌نگێنن.